کوردپرێس:
لە پرۆگرامی لووتكەی دیداری گەنجان لە باڵەخانەی سەرەكیی ئەنجومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشەنگ نەوشیراون كە گەنجێكی كوردە، بە جلی كوردییەوە نوێنەرایەتیی كورد و كوردستانی كرد و دواتر سەبارەت بە هاریكاریكردنی كوردستان و ئەو وڵاتانەی لە هەنگاوناندان بەرەو پێشكەوتن وتارێكی پێشكەش كرد.
لەوبارەیەوە، پێشەنگ نەوشیروان بە خەندان-ی راگەیاند "لە پرۆگرامەكەدا گرێتا سەنبێرگ-مان بینی و دواتر وتارێكمان پێشكەش كرد، كە ناوەڕۆكی وتارەكە خرایە نێو ڕاسپاردەی كۆتاییی پرۆگرامەكە، وتارەكەش تایبەت بوو بە گرنگیدان بەو وڵاتانەی لە گەشەسەندندان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد "بە مەبەستی پێشكەش­كردنی پرۆژەیێكی ژینگەدۆستی و بڵاوكردنەوەی لە لایەن پێگەی فەرمیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ بەرپرسی جێبەجێكاری كارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان كۆ بووینەوە".
لە درێژەی وتەكانیدا بۆ خەندان، پێشەنگ رایگەیاند "لەگەڵ رێكخراوێكی سویدیدا كۆ بووینەوە و ئەنجامدانی كاری پێكەوەییمان لەبارەی ژینگەدۆستیەوە تاوتوێكرد، لە ئێستادا پەیوەندی یەكدیمان لایە و هەنگاوەكان بەرەوپێشەوە دەڕۆن".
ماوەیێكی زۆرە، لە سەرتاسەری جیهان سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و هاوسەنگ راگرتنی چالاكیەكانی مرۆڤ لەگەڵ پاراستنی سروشت هەوڵی جددی دەدرێت و لەوبارەیەشەوە، لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی وڵاتان و پارتە حزبییەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەلگە چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.
كوردستانیش بەشێكە لەو هەوڵانە و چەندین گرووپی ژینگەپارێز و ژینگەدۆست بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و پاراستنی سروشت، لەگەڵ بەكرداركردنی گوفتارەكانی تایبەت بە پاراستنی زەوی.
Your Comment