قایمقامی که‌رکووک به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیر كرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- قایمقامی كه‌ركووک (به‌وه‌كاله‌ت) به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری دادوه‌ری ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كه‌ركووک و له‌سه‌ر سكاڵای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی عێراق.

کوردپرێس:

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2019 فه‌لاح یایچی له‌گه‌ڵ عه‌مید ئه‌نوه‌ر، كه‌ لێپرسراوێتی هه‌یه‌ له‌و هێزه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ لابردنی زیاده‌ڕۆیی، ده‌ستگیر كراون و له‌ ئێستادا له‌ بنكه‌ی پۆلیسی قۆرییه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن.

سه‌رچاوه‌یێكی دادوه‌ری له‌ دادگای كه‌ركووک به‌ (كه‌ركوک ناو)ی وت "ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان به‌ بڕیاری دادوه‌ری ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ بووه‌ و له‌سه‌ر سكاڵای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراقه‌".

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یێک له‌ قایمقامیه‌تی كه‌ركووک كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌و دوو لێپرسراوه‌ی كه‌ركووک له‌ بنكه‌ی پۆلیسی قۆرییه‌ و وتی: "تا ئێستا ئازاد نه‌كراون".

ده‌ستگیركردنه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ی دادگا به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی ئه‌و دوو لێپرسراوه‌ بووه‌ له‌ كاره‌كانیان چونكه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ڕێگریی بكه‌ن له‌ زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر موڵكێكی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌ گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان له‌ که‌رکووک.

سه‌رچاوه‌که‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ پێشتر وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی عێراق داوای له‌ یایچی کردووه‌ که‌ به‌پێی حوکمی دادگا ڕێگری له‌ دروست‌کردنی خانوو له‌ زه‌وییه‌کانی ئه‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ بکات به‌ڵام ئه‌و زه‌وییه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یێک‌ هاووڵاتییانه‌وه‌ كراوه‌ به‌ خانوو و سه‌ره‌ڕای بوونی بڕیاری ڕووخاندنی خانووه‌كان به‌ڵام قایمقام و ئه‌و لێپرسراوه‌ی پۆلیسی زیاده‌ڕۆ ئاماده ‌نه‌بوون بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی دادگای که‌رکووک وتیشی: "ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ گومان ده‌كات هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌لاح یایچی و عه‌مید ئه‌نوه‌ر به‌رتیلیان وه‌رگرتبێت بۆیه‌ ئاماده‌ نین بڕیاری لابردنی زیاده‌ڕۆ بۆ سه‌ر ئه‌و موڵكه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن" به‌ڵام ئه‌وه‌ هێشتا یه‌كلایینه‌بۆته‌وه‌و بۆ دادگا جێهێڵدراوه‌.

شایانی باسه‌؛ فه‌لاح یایچی كه که‌سێکی تورکمانه‌ و‌ هاوكات لێپرسراوی به‌شی زیاده‌ڕۆییه له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ له‌جێی كامیل ساڵه‌یی و به‌وه‌كاله‌ت كراوه‌ته‌ قایمقامی كه‌ركووک.

هاوکات نه‌جات حسێن سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری که‌رکووک هه‌واڵه‌که‌ی بۆ (سبه‌ی) پشتڕاست کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: قائیمقامی که‌رکووک له‌ ئێستادا له‌ بنكه‌ی پۆلیسی قۆریه‌ ده‌ست به‌سه‌ره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86518

Your Comment

You are replying to: .
captcha