مەسعوود بارزانی و محەمەد حه‌لبووسی چه‌ند پرسێکی گرینگ تاوتوێ ده‌كه‌ن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 19/9/2019، مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە محەممەد ئەلحەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌رێم و به‌غدایان تاوتوێ كرد.

کوردپرێس: لە دیدارەكەدا كە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە سوود وەرگرتن لەو ئاراستە و كەشە ئیجابییە كرایەوە كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە. ئەویش لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەژێر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا. بۆ ئەو مەبەستەیش تەئكید لە بەردەوامیی پەیوەندیی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە.

سه‌ردانی حه‌لبووسی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشه‌ممه به‌رهه‌م ساڵح،‌ سه‌رۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ، سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و چه‌ندین پرسی گرنگ و جێی بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایان تاووتوێ كرد.

سه‌ردانی حه‌لبووسی له‌ كاتێكدایه‌ جووڵه‌یه‌كی سیاسی و دیپلۆماسیی فراوان له‌نێوان شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ ئامانجی لێكتێگه‌یشتنی زیاتر و چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی بوودجه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و دۆسیه‌ی نه‌وت و چه‌ندین پرس و بابه‌تی گرنگی دیكه‌‌.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86451

Your Comment

You are replying to: .
captcha