سه‌زایی ته‌مه‌لی: قسه‌کردن له‌باره‌ی ده‌زگای دادی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن له‌ تورکیا نامومکینه‌

به‌شی تورکیا- کۆبوونه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له‌ دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له‌ ستراسبۆرگ به‌ڕێوه‌ چوو و دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان گوتی: قسه‌کردن له‌باره‌ی ده‌زگای دادی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن له‌ تورکیا نامومکینه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆبوونه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌ دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له‌ ستراسبۆرگ به‌ڕێوه‌ چوو و به‌ دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان ڕای‌گه‌یاند: له‌ تورکیا له‌ ڕێگای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌سانه‌ی یاساییی په‌رله‌مانتاران پڕۆسه‌یێکی نوێ ده‌ستی پێکرد. گه‌وره‌ترین ناعه‌داله‌تی له‌م پڕۆسه‌یه‌ زیندانی‌کردنی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش، فیگن یۆکسکداغ و دیکه‌ی دۆستانمان بوو. پڕۆسه‌یێکی نایاسایی و ناعه‌داله‌تییێکی گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌. قسه‌کردن له‌باره‌ی ده‌زگای دادی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن له‌ تورکیا نامومکینه‌. له‌ تورکیا ده‌زگایێکی داد هه‌یه‌ که‌ به‌پێی فه‌رمانه‌کان جووڵه‌ ده‌کات، به‌پێی فه‌رمانه‌کان حوکم ده‌رده‌کات و به‌م فه‌رمانانه‌ په‌ره‌ به‌ ناعه‌داله‌تییێکی زیاتر ده‌دات.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئێمه‌ له‌ تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر ناعه‌داله‌تییه‌کاندا هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێ‌کردنی عه‌داله‌ت ده‌ده‌ین. هیوادارین که‌ جێبه‌جێ‌کردنی عه‌داله‌ت کاتێکی زۆر نه‌خایێنێت. ئه‌مڕۆکه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی سیاسه‌تی دیموکرات و به‌رده‌وامیی زاڵێتیخوازی هه‌لقۆستنه‌وه‌ له‌ ده‌زگای داد ده‌کات. هیوادارم ئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ده‌میرتاش له‌ دیوانی باڵای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا سه‌رجه‌م ئه‌م پڕۆسه‌گه‌له‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86446

Your Comment

You are replying to: .
captcha