به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ده‌وڵه‌تی عێراق و تورکیا له‌سه‌ر دروست‌کردنی دووهه‌مین هێڵی بۆریی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک گه‌یشتنه ڕێککه‌وتن. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕای‌گه‌یاندووه که به‌مزووانه ته‌نده‌ر بۆ دروست‌کردنی ئه‌و هێڵه بۆرییه ڕاده‌گه‌یێندرێت.
ساڵی 1976 یه‌که‌مین هێڵی بۆریی نه‌وتی عێراق- تورکیا دامه‌زرا که به‌هۆی پێکدادانه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له باکووری عێراق کارامه‌ییی ڕابردووی نه‌ماوه و له ئێستادا ده‌وڵه‌تی تورکیا و عێراق ئیتیفاقیان کردووه که هێڵێکی بۆریی نوێ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق و که‌رکووک به‌ره‌و تورکیا دروست بکه‌ن. هێڵی بۆریی نوێ توانای گواستنه‌وەی 1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی ده‌بێت.
عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئامانج له دامه‌زراندنی دووهه‌مین هێڵی بۆریی نوێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی وڵاته‌که‌ی بۆ تورکیا به فراوان‌کردنی ڕێڕه‌وه‌کانی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت بۆ بازاڕه جیهانییه‌کان وه‌سف ده‌کات.
هه‌ڵبه‌ت چه‌ندین سه‌رچاوه به ئه‌لمۆنیتۆریان وتووه که ئه‌م مه‌سه‌له زیاتر ڕه‌هه‌ندی سیاسی هه‌یه چوونکه به‌غدا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌وتی باکووری عێراق و کۆنتڕۆڵی هه‌ولێر له‌سه‌ر هێڵی بۆریی پێشوو ڕازی نییه به‌م بۆنه‌وه ده‌یهه‌وێت دووهه‌مین هێڵی بۆریی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به‌ره‌و تورکیا دروست بکات. چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که دووهه‌مین هێڵی بۆریی نوێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق- تورکیا له ساڵی 2020دا دروست بکرێت.
به‌م حاڵه‌شه‌وه هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی جۆراوجۆر له‌وان ناکۆکییه نه‌وتییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و کێشه‌کانی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا له‌سه‌ر پشکی عێراق له ئاوی ڕووباره‌کانی دیجله و فورات مومکینه کارتێکه‌ری له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌کردنی پڕۆژه‌که‌وه بێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment