بەپێی هەواڵی کوردپرێس ژمارەیێک لە لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا داوایان کردبوو جڤاتی گشتیی پەرلەمان کۆبوونەوەیێکی بەپەلە بەڕێوە بەرێت و تاوتوێی کەیسی ئەو شارەوانە کوردانە بکات کە دەسەڵاتی تورکیا بە نایاسایی لەکار لای داون و قەیومی لە جێگاکانیان داناوە.
داواکارییەکەی ئەو لایەنە سیاسییانەی پەرلەمانی ئەورووپا پەسەند کراوە و بەو پێیەش بڕیارە کۆبوونەوەیێکی نائاسایی و بەپەلەی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی ئەو کەیسەوە بەڕێوە بچێت.
بڕیاری کۆبوونەوە نائاسایییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بە پشتگیریی چوار لایەنی ئوپوزسیۆنی پەرلەمان ڕۆژی پێنجشەمە لە شاری ستراتبوورگ دەرکراوە و لایەنەکان ڕای خۆیانیان لەبارەی لەکارلادانی سێ شارەوانی دیاربەکر و وان و ماردین دەربڕی.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ئەنجومەنی ئەورووپا و لیژنەی ئەورووپاش بەشداری دەکەن و نوێنەرانی پەرلەمانی 28 وڵاتی ئەورووپییش ڕای خۆیان لەبارەی دواپێشهاتەکان و مەسەلەی مافی مرۆڤ لە تورکیا دەردەبڕن.
Your Comment