عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراقی ڕه‌ت کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی عێراق باسی له‌وه‌ کرد که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستیی وڵاته‌که‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16-9-2019 قوته‌یبه‌ جبووری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه‌ نیووزی ڕاگه‌یاند: عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نامه‌ی دەست له‌کارکێشانه‌وەی عه‌لا عه‌لوان وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی وڵاتی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و مۆڵه‌تێکی کراوەی پێداوە.

ناوبراو گوتیشی: "ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراق نامه‌ی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ پێشکه‌شی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌کات به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ری دروست ده‌کرێت له‌ پۆسته‌که‌یدا".

قه‌تیبه‌ جبووری ئه‌وه‌شی وتووه‌: "داوامان له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کرد که‌ داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی ڕه‌ت بکاته‌وه‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ خودی عه‌لوان ده‌قی نامه‌که‌ی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو کرده‌وه‌. له‌ ڕاستیدا ده‌ستوه‌ردانه‌ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیه‌کان که‌ هه‌ژموونیان به ‌سه‌ر حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ بوونه‌ته‌هۆی ده‌ستوه‌ردان له‌ کاره‌کانی وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراق".

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 15-9-2019 عه‌لائه‌دین عه‌لوان وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ڕای‌گه‌یاند که‌ نامه‌ی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی داوه‌ته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیران و ئاشکرای کرد که‌ رووبه‌ڕووی گوشاری سیاسی بووه‌ته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ زیان به‌ پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ی گه‌یشتووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86362

Your Comment

You are replying to: .
captcha