ئۆپه‌راسیۆنی پێنجه‌می هێزه‌کانی عێراق له‌ دژی داعش ده‌ستی پێکرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ عێراق باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان پێنجه‌م ئۆپه‌راسیۆن له‌ دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان ده‌ست پێکردووه‌.

کوردپرێس:

فه‌ریق ڕوکن عه‌بدولئه‌میر ڕه‌شید یاره‌ڵڵا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16-9-2019وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی (نه‌سر 5)یان ده‌ست پێکردووه‌.

ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ بۆ کوشتن و ده‌ستگیرکردنی چه‌کدارانی داعشه‌ له‌ ناوچه‌کانی باشووری ڕێگای نێوده‌وڵه‌تی له ‌نێوان که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف تا ده‌گاته‌ سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سعودیه‌.

ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌ پاڵپشتیی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی هاوپه‌یمانان ئه‌نجام ده‌درێ و میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبیش به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن.

له‌ مانگی 6ی 2014 نزیکه‌ی دوو هه‌زار چه‌کداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کرده‌ سه‌ر شاری مووسڵ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکدا هه‌ره‌سیان به‌ سوپای عێراق هێنا و زۆربه‌ی ناوچه‌کانی پارێزگاکانی نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نباریان داگیر کرد.

هه‌رچه‌نده‌ حکوومه‌تی عێراق له‌ کۆتاییی ساڵی 2017دا کۆتایی هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی ڕاگه‌یاند به‌ڵام له‌ ئێستادا چه‌کدارانی ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ به‌رده‌وام له ‌پارێزگاکانی نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و به‌غدا کرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌: باس نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86360

Your Comment

You are replying to: .
captcha