قه‌رزی بانکیی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ 7 بانکدا ده‌درێت

به‌شی ئێران- وه‌زیری ئابوور و دارایی ده‌ڵێت: 7 بانک بۆ پێدانی قه‌رزی بانکی به‌ لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی پارێزگای کرماشان دیاری کراون و پشکی هه‌ریه‌که‌ له‌و 7 بانکه‌ش دانراوه‌ و له‌ ڕۆژی 29ی گه‌ڵاڕێزانه‌وه‌ پڕۆسه‌ی پێدانی قه‌رزه‌کان له‌و بانکانه‌دا ده‌ست پێده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سعوود که‌رباسیان پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ دانیشتنی سیتادی قه‌یرانی پارێزگای کرماشان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران وتی: وه‌زاره‌تی ئابوور و دارایی پڕۆژه‌ په‌سه‌ندکراوه‌کانی ده‌سته‌ی وه‌زیرانی ڕاده‌ستی بانکه‌کان کردووه‌ و پڕۆسه‌ی جێبه‌جێ کردنیشی ئه‌نجام ده‌بێت.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: بانکه‌کان نابێت ڕه‌وتی جێبه‌جێ کردنی یاسا په‌سه‌ندکراوه‌کانی ده‌سته‌ی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان دوا بخه‌ن.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌کانی هه‌واڵده‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری ئابوور و دارایی داوای له‌ بانکه‌کان کرد ئاسانکاری بۆ پێدانی قه‌رزه‌ بانکییه‌کان بکه‌ن و ناوچه‌ لێقۆماوه‌کانی بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ پێدانی باجدا چاوپۆشییان لێ بکرێت.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ کۆبوونه‌وه‌ی سیتادی قه‌یرانی پارێزگای کرماشان پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ به‌شداریی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران و وه‌زیرانی وزه‌ و ئابوور و سه‌رۆکی ڕێکخراوی خانووبه‌ره‌ و چه‌ندین به‌رپرسی باڵای دیکه‌ له‌ هۆڵی شوهه‌دای ده‌وڵه‌تی ئیداره‌ی پارێزگاری به‌ڕێوه‌ چوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8619

Your Comment

You are replying to: .
captcha