ئه‌ردۆغان: ئیدلب ورده‌ ورده‌ له‌ناو ده‌چێت

به‌شی تورکیا- سه‌رکۆماری تورکیا له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌ دوایین پێشهاته‌کانی ئیدلب کرد و گوتی: ئیدلب ورده‌ ورده‌ له‌ناو ده‌چێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌گه‌ڵ ئاندرێ بابیس سه‌رۆکوه‌زیرانی چیک کۆ بوویه‌وه‌ و دوای کۆبوونه‌وه‌یان کۆنگره‌یێکی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ساز كرد و له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كدا ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا که‌ له ‌کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاندرێ بابیس په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ر دوو وڵات، پێشهاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و قه‌یرانی کۆچیان تاوتوێ كردووه‌.

ئه‌ردۆغان له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌واناندا سه‌باره‌ت به‌و ڕێوشوێنانه‌ی ده‌کرێت بگیرێنه‌به‌ر بۆ به‌رگرتن له‌ زیان گه‌یاندن به‌ که‌سانی سڤیل له‌ ڕێی هێرشه‌کانی سه‌ر ئیدلبه‌وه‌ که‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، زیادی کرد: "ئێمه‌ هه‌ر کارێک بتوانین بۆ 4 ملیۆن ئاواره‌ی سووریی دانیشتووی تورکیا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و به‌رده‌وامین له‌ یارمه‌تییه‌کانمان. یه‌کێتیی ئه‌ورووپا زۆر به‌ڵێنی پێداین. ئه‌م به‌ڵێنانه‌ به‌ واتای پشتگیریی دارایی له‌ بودجه‌ی نیشتمانییمان نا به‌ڵکوو له‌ ڕێگای ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ پشتگیریی ده‌زگا خێرخوازییه‌كانی ئێمه‌ ده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ی مانگی سووری تورکی و ده‌زگای ئافاد ده‌کرێت، هه‌ر له‌ خێوه‌ته‌وه‌ بگره‌ تا خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی. ئێمه‌ تا ئێستا به ‌بڕی 40 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانمان كردووه‌ به‌ڵام یه‌کێتیی ئه‌ورووپا به‌داخه‌وه‌ سێ ملیار یورۆشی نه‌داوه‌. هێشتا ده‌ڵێن ده‌یکه‌ین و به‌نیازین بیکه‌ین و به‌م قسانه‌ دوای ده‌خه‌ن''.

سه‌رکۆماری تورکیا باسی له‌وه‌ كرد که‌ پرسی ئیدلب پرسی ئه‌وانه‌ و له ‌کاتی کۆچی به‌لێشاودا سنووره‌کانی ئه‌وان فشاریان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر و ڕاشیگه‌یاند: ''ئێمه‌ ٩١٠ كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه‌. هه‌ر ئاگرێک له‌وێ بكه‌وێته‌وه‌ ئێمه‌ ده‌سووتێنێت، ئه‌م وڵاتانه‌ی دیكه‌ ناسووتێنێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ خه‌می دیكه‌یان هه‌یه‌، خه‌می ئێمه‌ جیاوازه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت ده‌یکه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ناچین په‌نابه‌ران ده‌ربکه‌ین و ده‌رگایان له‌سه‌ر دابخه‌ین به‌ڵام له‌دۆخێکی وه‌هادا ئه‌گه‌ر بتوانین له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه‌ به‌تایبه‌ت یارمه‌تییان بده‌ین و سه‌رکه‌وتوو بین، ئه‌وا زۆر دڵخۆش ده‌بین''.

ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌ ناوچه‌ ئارامه‌که‌ی باکووری سووریا کرد و گوتی: "پێشنیاری ناوچه‌ی ئاراممان دا و له ‌سه‌رده‌می ئۆباماشدا ئه‌وه‌مان باس کردووه‌ و له‌ سه‌رده‌می به‌ڕێز تره‌مپیشدا داوام کرد. له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرنگی ئه‌ورووپا له‌وانه‌ ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا گفتوگۆمان کرد و له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ش که‌‌ هه‌موویان گوتیان باشه‌، پێشنیارێکی جوانه‌. به‌ڵام ئایا هیچ کرا؟ ئه‌وه‌ی ده‌کرێت ئه‌مه‌یه‌، ئێمه‌ له‌و ناوچه‌ی ئارامه‌دا له‌ ئێستاوه‌ له‌ سنووره‌کانمان به‌ قووڵاییی 30 كیلۆمه‌تر و به درێژاییی سنووره‌کانمان کاری تێدا ده‌کرێت. لێره‌دا ئێمه‌ خانوو دروست ده‌که‌ین له‌سه‌ر 200-300 مه‌تر دووجا که‌ باخچه‌شی ده‌بێت و ئه‌وانه‌ (په‌نابه‌ران) خۆیان ده‌چن شتی تێدا ده‌ڕوێنن. سه‌رجه‌م وڵاتان ڕایان‌گه‌یاند که‌ ئه‌مه‌ پرۆژه‌یێکی زۆر جوانه‌ به‌ڵام که‌ هاته‌ سه‌ر جێبه‌جێ کردن هیچ پشتگیرییان نه‌کرد."

ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی هێرشه‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئیدلب گوتی: ''به‌داخه‌وه‌ له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئه‌مریکاش لێره‌ چووه‌ته‌ نێو کاری بۆردوومانه‌کانه‌وه و نزیکه‌ی 700 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر له‌مانه‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌شی تێدایه‌ که‌ تێوه‌گلاون به‌ تیرۆر به‌ڵام ئیدلب ئیتر ورده‌ ورده‌ له‌ناو ده‌چێت. هه‌روه‌ک حه‌ڵه‌ب چی به‌سه‌رهات ئیدلبیش به‌و چه‌شنه‌ی لێدێت. له ‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا ناتوانین بێده‌نگ بین. له‌گه‌ڵ ڕووسیا گفتوگۆمان کرد. هاوکات وه‌ک ڕووسیا-تورکیا- ئێران له ‌ماوه‌ی داهاتوودا کۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێت. له‌م مانگه‌دا گفتوگۆکانمان دووباره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ینه‌وه‌ و تاوتوێی ده‌که‌ین. ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌ جنێڤ هه‌ندێک هه‌نگاو بنێین''.

له‌ کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا ئاندرێ بابیس سه‌رۆکوه‌زیرانی چیک ستایشی پێشنیاری سه‌رکۆماری تورکیای له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری ناوچه‌ی ئارام کرد و رایگه‌یاند: "تورکیا ناڵێت پاره‌ بنێرن، ده‌ڵێت لێره‌ خوێندنگه‌ بکه‌نه‌وه‌ و خانوو دروست بکه‌ن".

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86121

Your Comment

You are replying to: .
captcha