ئێسکەپەیکەرێکی دیکەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە ​

بەشی فەرهەنگ- بە دۆزینەوەی یازده‌یه‌مین ئێسكه‌په‌یكه‌ری مرۆڤی نیاندەرتاڵ له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ری هەرێمی کوردستان، جارێكی دیكه‌ شانه‌ده‌ر گۆڕانكاری ده‌خاتەوە‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی.

کوردپرێس:

زانكۆی كامبرێج-ی بەریتانی ماوه‌ی شەش ساڵه‌ توێژینه‌وه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر ده‌كات و ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی ئێسكه‌په‌یكه‌ره‌ دۆزراوه‌كان هۆكاری له‌نێوچوونی نیانده‌رتاڵەکان ڕوون بكاته‌وه‌.

ئیما بپمۆرۆین، توێژه‌ری ئێسك له‌ زانكۆی كامبرێج بە رووداوی گوت "ئەو رێگە نوێیانەمان نەبوو کە ئێستا ئێمە هەمانە تاوەکوو بزانین ئەمە ئێسکەپەیکەری مرۆڤێکی بەخاکسپێردراوە، بەڵام ئێستا ئێمە هەلی ئەوەمان لەبەردەستدایە کە لێکۆڵینەوە لەم شوێنەوارە گرنگە بکەین".

ساڵی 1960ـی سه‌ده‌ی رابردوو نۆ ئێسكه‌ په‌یكه‌ر و ساڵی رابردووش ده‌یه‌مین ئێسكه‌په‌یكه‌ری مرۆڤی نیانده‌رتاڵ له‌ شانه‌ده‌ر دۆزرانه‌وه‌. كۆڵێنكاری و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌مجاره‌یان، ده‌رئه‌نجامی نوێ و هۆكاری له‌نێوچوونی نیانده‌رتاڵ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

پرۆڤیسۆر گره‌یم باركه‌ر، سه‌رۆكی تیمەکەی کامبرێج دەڵێت "پێموایە ئەشکەوتی شانەدەر بەشداریدەکات لە دۆزینەوەی ئەو پرسیارە کە بۆچی نیاندەرتاڵەکان لەنێوچوون؟ ئەوە وەڵامێکی سادە و ئاسان نابێت، وەڵامە باوەکە ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان وەک ئێمە سەرکەوتوونەبوون یاخود بڵێین لە هێمۆساپیانەکان کەمتر سەرکەوتوو بوون".

مێژووی شانەدەر کە‌ گه‌وره‌ترین ئه‌شكه‌وتی باشووری كوردستان و عێراقه، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می به‌ردینی كۆن، واتە هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش زایین. ساڵی 1951 بۆ یه‌كه‌مین جار كۆڵێنكاری له‌ شانەدەر كراوه‌.

ئه‌شكه‌وتی نیانده‌رتاڵ بوو بە‌و شوێنه‌ی كه‌ ئیدی هه‌ر كه‌سێك له‌ جیهان توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر شوێنه‌وار بكات، ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌م ئه‌شكه‌وته‌، دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری له‌نێوچوونی مرۆڤی نیانده‌رتاڵیش له‌ڕێگه‌ی شانه‌ده‌ره‌وه‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی شوێنه‌وارییه‌وه‌ به‌ دونیا ده‌ناسێنێت.

سێ هه‌زار و 125 ناوچه‌ی‌ شوێنه‌واری له‌ هەرێمی كوردستان تۆمار كراون‌، ساڵانه‌ تیمه‌ بیانییه‌كان ده‌یان پارچه‌ی شوێنه‌واریان ده‌ستده‌كه‌وێت.

به‌پێی یاسا و رێككه‌وتنه‌كانی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارانه‌ی تیمه‌ بیانییه‌كان ده‌یدۆزنه‌وه‌ دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان و پشكنینه‌كانیان ده‌بێ بیگه‌ڕێننه‌وه ‌و موڵكی هه‌رێمی كوردستانن.

News Code 86120

Your Comment

You are replying to: .
captcha