کوردپرێس:
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ کردووە و لەبارەی کۆمەڵێک تەوەری ئەمنی وەک بوونی زیندانی سیاسی و ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانەوە زانیاریی وردی ئاشکرا کردووە.
دیندار زێباری لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە ئانادۆڵۆی وتووە: "بەنیسبەت هەرێمی كوردستانەوە ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لێرەن لە سەروو 800 هەزار كەسەوە دەبن، ژمارەی پەنابەران نزیكەی 250 بۆ 270 هەزار كەس دەبێت كە پەنابەرانی سووریا، ئێران و تورکیان و بەنیسبەت ئاوارەكانیشەوە زیاتر لە 500 هەزار كەس دەبن كە ئەمان زیاتر هی پارێزگا سوننەنشینەكانن، هەروەها پێكهاتەكانیشی لەنێودایە، ئەو ئاوارانە هی نەینەوا، سەڵاحەددین، دەورووبەری كەركووك و هەروەها مەخمووریش تا ڕادەیێک هەن.
ناوبراو زیادی کرد: لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن. لە ساڵی 2018دا، 39 كەمپمان هەبوون هی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام پڕۆسەی گەڕانەوەی خەڵك دەستی پێكرد، ئەگەرچی بەداخەوە تا ئێستا زۆرینەی ئەو خەڵكە لە كوردستان ماون و كەمپەكانیش هیچیان دانەخراون، هەموویان ماونەتەوە.
زێباری گوتیشی: پێشتر نزیكەی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە لە ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان هەبوون، نزیكەی 600 هەزاریان گەڕانەوەنەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەمانە لە ناوچەی ناكۆكی لەسەریش هەبوون، بەشی زۆری ئەوانەی گەڕاونەتەوە هی مووسڵن و بەشێكیشیان هی سەڵاحەددین و دیالە و ناوچەكانی دیكەن.
لەبارەی پەنابەرەکانی سووریا و ئێرانیشەوە دینداری زێباری ئاشکرای کرد: هەرچی پەیوەستە بە پەنابەرانی سووریاش لە سەرەتاوە و لە ساڵی 2015 و 2016ەوە ژمارەیان گەیشتبوویەوە 340 هەزار كەس، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەوان لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 230 بۆ 240 هەزار كەس دەبێت، پەنابەرانی توركیاش نزیكەی 20 بۆ 21 هەزار پەنابەری لێرە هەیە، هەروەها پەنابەرانی ئێرانیش، 11 تا 12 هەزار كەس دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕە پارەی لە ئاوارەكان خەرجكردووە؟
دیندار زێباری لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی خەرجی کردووە بە ئانادۆڵۆی گوتووە: "گوژمەیێكی زۆرە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەچەند شێوازێك خەرجیی هەبووە، بوونی كارمەند و كارەبا و زەوی و قەرەبووە و شتی دیكەشە، ئێمە لە ساڵانی 2015 بۆ 2018 واتە لەو چوار ساڵە زیاتر لە سێ ملیار دۆلارمان خەرج كردووە."
سەبارەت بە كەسوكاری داعشیش دیندار زێباری ڕایگەیاند: "ئێمە دوو جۆرمان هەیە، بەشێكیان داعش بوون و گیراون و حوكم دراون، بەشێكشیان تۆمەتیان لەسەر بووە و دواتر بێ بەری دەرچوون و ئازادكراون، سەبارەت بە جیاكردنەوەی كەسوكار و ئاوارەكانیش ئێمە جیامان نەكردووەتەوە كە ئەمانە كەسوكاری داعشن یان نا، ئێمە لێكۆڵینەوەمان كردووە ئەوانەی هەڕەشەبوون بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە چاودێریكراون و ئەگەر راست دەرچووبێت ئەوا دەستگیركراون، بۆیە ئێمە كەمپێكمان نییە لە هەرێمی كوردستان كە كەسوكاری داعش بن، ئەوانە لە شوێنەكانی دیكەی عێراق هەن.
لەبارەی دەنگۆی بوونی زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دیندار زێباری ئاشکرای کرد: "زۆر جار باسمان لەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی نییە، داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكان و زۆر لە وڵاتان كردووە ئەوانەی رەخنەیان هەبووە كە یارمەتیدەر بن ئەگەر شتێكی وا هەبێت، ئێمە تەحەدا دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان شتێك بەناوی زیندانیی سیاسی نییە، نەوەك هەر ئەوە زیندانیی سیاسییشمان نییە، ئەوانەی بێ سەروشێونن لە نەوەدەكان و پێشتر و لە بەرگریی لە هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكانیش بێت وەكو ئامار شتێكی وامان لەبەردەست نییە بەناوی بێ سەروشوێن.
Your Comment