مه‌سروور بارزانی: گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وامن و به‌ ئاراسته‌یێکی ڕاستدا ده‌ڕۆن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق کۆ بوویه‌وه و‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسی له‌وه‌ کرد که‌ گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وامن و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور به‌ ئاراسته‌یێکی ڕاستدا ده‌ڕۆن.

کوردپرێس:

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 1ی ئه‌یلوولی 2019 مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی کرد له‌ جۆن ویلیکس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ جه‌یمس سۆرۆنتن کونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێریش ئاماده ‌بوو، باڵیۆزی به‌ریتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ وڵاته‌که‌ی به‌ گه‌شبینی و ئه‌رێنی پێشوازی له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌موو هاوکارییێک و گوتیشی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌کردندایه‌ و خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی که‌ ئێستا که‌شێکی ئه‌رێنی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئارادایه‌ و باسی له‌ ئاماده‌ییی کۆمپانیا به‌ریتانییه‌کان کرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تیشکی خسته‌ سه‌ر پێشکه‌وتنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا و ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ ئێستا گفتوگۆکان به‌رده‌وامن و په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ ئاراسته‌یێکی ڕاستدا ده‌ڕۆن و له‌یه‌کتێگه‌یشتنێکی باش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوو.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکی حکوومه‌ت داوای له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا کرد که‌ ئاسانکاریی زیاتر بکرێت بۆ هاتوچۆ و گه‌شتکردن له‌ نێوان هه‌ردوولادا به‌ تایبه‌تی بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان که‌ بتوانن سه‌ردانی به‌ریتانیا بکه‌ن و له‌م ڕووه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ له‌مه‌ودا پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان خێراتر ده‌بێت.

له‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر مه‌ترسیی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش که‌ ئێستا له‌ چه‌ند ناوچه‌یێکی عێراق ده‌ستیان به‌ خۆرێکخستنه‌وه‌ و جموجۆڵ کردووه‌ته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ و ڕێگریش له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان ده‌کات بۆ شوێنه‌کانیان بۆیه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کان، هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86068

Your Comment

You are replying to: .
captcha