بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمەریکا لە نەوەدەکاندا هاوکاریی ئاشکری لەگەڵ کوردی عێراق کردووە و ناوچەی ئارامی لە باکووری عێراق بە مەبەستی پاراستنی کوردەکان هەمبەر هێرشە ئاسمانییەکانی سەدام حسێن پێکهێنا بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی واشنتن لە ساڵی 2017 و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا بەتوندی دژایەتیی ڕیفراندۆمی کرد و داوای کرد ئەنجامەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە. هەروەها واشنتن لە ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمیشدا پشتی کوردەکانی عێراقی نەگرت.
ئاژانسی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم چەند پرسە دیمانەیێکی لەگەڵ پرۆفیسۆر ڕابرت جرویس مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانستگای کۆلۆمبیا ئەنجام داوە.
پرۆفیسۆر ڕابرت جرویس لەبارەی ستراتێژیی ئەمەریکا هەمبەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: «بە داخەوە هەرچەند کە ئەو ئەمەریکییانەی کە لەگەڵ کوردەکان کار دەکەن زۆر کوردیان خۆش ئەوێت و بەباڵایاندا دەچن بەڵام بەگشتیی ئەمەریکا کەڵکی ئەبزاری لە کورد وەردەگرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەمەریکا تەنها کاتێک بەهانای کوردەکانەوە دەچێت کە بۆی دەرکەوێت بە هاناچوونی کوردەکان، بەرژەوەندیی بۆ خۆی هەیە».
ناوبراو لەبارەی دژایەتیی ئەمەریکا لەگەڵ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردەکانەوە زیادی کرد: "ئەمەریکا وابیر دەکاتەوە –بیرەکەشی دروستە- کە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق دژایەتیی وڵاتانی دراوسێی لێدەکەوێتەوە و ئەمەش گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەرەپێدەدات. تەنها شتێک کە دەتوانرێت بیری لێبکرێتەوە پێدانی پلەیێک بانتر لە خۆبەڕێوەبەرایەتی بە کوردەکانی عێراق".
مامۆستاکەی زانکۆی کۆلۆمبیا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەشێکی لەسەر پرسی سەربەخۆییە بە کوردپرێسی وت: بەڕای من باشترین ڕێگا درێژەدان بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانە کە سەرەڕای ئەوەی کە تەزمینێکیان بۆ داهاتوو نییە بەڵام دەستیان بە ئاستێکی باڵا لە خۆبەڕێوەبەری گەیشتووە.
پرۆفیسۆر ڕابرت جرویس لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەریکا دەتوانێت پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق باشتر بکات وتی: ئەمەریکا هەوڵی خۆی داوە بەڵام کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق دوو شتی جیاوازیان لە ئەمەریکا دەوێت. ئەمەریکا ئێستاش بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان کوردەکانی عێراق و دەوڵەتی ناوەندی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment