کوردپرێس:
حازم میر تەحسین بەگ ڕۆژی 27ی تەمووزی 2019 پاش وەفاتی باوکی وەک میری نوێی ئێزدییەکان هەڵبژێردرا. ناوبراو لە مەڕاسیمێکدا کە لە پەرەستگەی ئایینیی لالەش لە شاری شێخانی خۆرئاوای دهۆک بەڕێوە چوو وەک میری نوێی ئێزدییەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
گۆڤاری ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو ئێزدییەکان کۆدەنگ نەبوون لە سەر هەڵبژاردنی حازم میر تەحسین بەگ. پاش ئەوەی میربوونی ناوبراو ڕاگەیێندرا دوو کەسی دیکەش خۆیانیان وەک میری ئێزدییەکان ناو برد. یەکیان لە شنگال کە چەقی ئێزدییەکانی جیهانە و و ئەوی دیکەش لە ئاڵمان. بەو شێوەیەش موناقەشەی هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان پەرەی سەند.
بەگوێرەی نووسراوی ئەلمۆنیتۆر هەڵبژرادنی میری نوێی ئێزدییەکان لە لالەش کە بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا لەگەڵ نەریتی ئێزدییەکان بۆ هەڵبژاردنی میری خۆیان یەک ناگرێت و زۆرینەی ئێزدییەکان و بەتایبەتی بەرەی نوێ ڕازی نەبوون بەو هەڵبژاردنە.
پاش هەڵبژاردنەکەش نایف بین داوود لە شنگال خۆیی وەک پێشەوای نوێی ئێزدییەکانی جیهان ناساند و ژمارەیێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان و پێشەوا ئایینییە ئێزدییەکان پشتیگرییان کرد. کەسایەتییێکی بەرجەستەی ئێزدی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بە ئەلمۆنیتۆری وتووە ژمارەیێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها کەسایەتییە ئێزدییەکان لەسەر پشتگیریی پارتی و حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوە نین کە حازم میرتەحسین ببێتە میری ئێزدییەکان کە بە پشتگیریی پەکەکە هەڵبژێردراوە بۆیەش ئەو کەسانە پشتگیریی کەسێکی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە میری ئێزدییەکانی جیهان.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێزدییەکان لەم هەلومەرجەی ئێستادا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شنگال و لە کەمپەکان یان خود لە وڵاتانی دەرەوە وەک ئەڵمانیا ئاوارەن و ناکۆکی لە سەر میری نوێی ئێزدییەکان دەبێتە هۆی ئینشقاق و لێکترازانی زیاتری کەمینە ئایینییەکانی عێراق.
ژمارەیێک لە کەسایەتییە ئێزدییەکان بە ئەلمۆنیتۆریان وتووە هەڵبژاردنەکان بۆ دیاری کردنی میری نوێی ئەو کەمینە ئاینییە هەڵبژاردنێکی سیاسییە و لەگەڵ نەریتی ئێزدییەکان بۆ هەڵبژاردنی میری خۆیان ناگونجێت.
نایف بین داوود پشتگیریی تورکمان و مەسیحییەکانیشی لەگەڵە و بە ئەلمۆنیتۆری وتووە لەگەڵ دیکەی کەمینە ئاینییەکانی عێراق هاوپەیمانێتی پێکدێنن و ئەو هاوپەیمانێتییە دەستپێشخەری دەکات بۆ دەستنیشانکردنی چوارچێوەیێکی گونجاو بۆ چارەکردنی پرسی نێودەوڵەتیی پشتگیری کردنی کەمینەکان لە عێراق.
لە لایێکی دیکەشەوە ئومەیە معاویە لە ڕۆژی 9ی ئابی 2019دا لە ئەڵمانیا خۆیی وەک میری نوێی ئێزدییەکانی دەرەوەی عێراق ناساند.
ئەلمۆنیتۆر لە زاری ئەو کەسایەتییەوە نووسیویەتی هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان لە دەرەوەی عێراق کە سەنتەرەکەی لە ئەڵمانیا بێت و بە کاروباری ئێزدییەکاندا بگات ئەرکێکی سەرەکییە و هەڵبژێردرانی منیش لە سەر بنەمای ڕێککەوتن و گفتوگۆی ئێزدییەکانی ئەڵمانیا و چەند وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بووە.
ئەلمۆنیتۆر دەڵێت ئەوەی کە دوو کەسایەتیی جیاواز لە دوو ناوچەوە بە تایبەتمەندیی جیاواز ئیدعا دەکەن میری ئێزدییەکانن دەیسەلمێنێت کە لێکترازان لە نێوان ئێزدییەکانی جیهان هەیە لەبەر ئەوەی ئەو دوو کەسایەتییە یەکیان لە شنگال بووە کە گۆڕەپانی جینۆسایدکران و کۆمەڵکوژکرانی ئێزدییەکان و ئەوی دیکەشیان لە شێخانە کە مەکۆی سەرەکیی پەرەستگای ئێزدییەکانی جیهانە.
ئومەیە موعاویە لە ئەڵمانیاوە خۆی بە میری ئێزدییەکان ناساندووە کە 140 هەزار ئێزدیی پەنابەر لەوێ دەژین. بە وتەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی ئەو مەسەلەیە دەیسەلمێنێت کە قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە و لێکترازان لە عێراق و مێژووی ئێزدییەکان دەستی پێکردووە.
ئەو ئاژانسەی هەواڵ لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی ئێستا کە سێ کەسایەتی خۆیانیان وەک میری ئێزدییەکان ناساندووە سێ بژاردەیان لەبەردەستدایە: یەکەم ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. دووهەم ئەوەی بگەڕێنەوە شەنگال و سێهەم ئەوەی بەرەو ئەڵمانیا کۆچ بکەن.
Your Comment