کوردپرێس:
بڕیار بوو ڕۆژی دووشه‌ممه 26ی ئابی 2019 سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی که‌رکووک بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانیه‌كانی شاره‌كه كۆ ببنه‌وه به‌ڵام دواتر سه‌ردانه‌كه هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه و لایه‌نه كوردستانییه‌كان له ناو خۆیاندا كۆ بوونه‌وه.
لایه‌نه کوردستانییه‌کان دوای كۆبوونه‌وه‌كه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایانگه‌یاند: کۆبوونه‌وه‌که له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر بوو؛ ته‌وه‌ری یه‌که‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆک فراکسیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بوو که به‌داخه‌وه هه‌ندێکیان ئاماده بوون و هه‌ندێکیشیان هه‌ر بۆیان نه‌کرا بێن و ته‌وه‌ری دووه‌م دانیشتنی ئاساییی حیزب و لایه‌نه کوردییه‌کانه له شاری که‌رکووک و به چه‌ند خاڵێک گه‌یشتین.
له ڕاگه‌یێندراوی لایه‌نه کوردستانییه‌کانی که‌رکووک ته‌ئکید کراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی شار و فه‌رامۆش نه‌کردنی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی ناوخۆ که ئێستا هیچ ڕۆڵێکیان نییه.
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتووه: ئێمه‌ی کورد به یاسا و ده‌ستوور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاسای سه‌رژمێری ده‌که‌ین که پێمانوایه تاوه‌کوو مادده‌ی 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌بێت به هه‌ر سێ قۆناخه‌کانییه‌وه، هه‌ر یاسایێکی دیکه ده‌ربچێت سه‌باره‌ت به سه‌رژمێری پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره و ئێمه ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه.
لایه‌نه کوردستانییه‌کانی که‌رکووک داوایان له سه‌رۆککۆمار و نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا کردووه که گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری که‌رکووک ڕابوه‌ستێندرێت که ئێستا هه‌موویان ده‌یبینین و ڕۆژانه هاووڵاتییان له شوێنه‌کانی دیکه‌وه ده‌هێندرێن و به شێوه‌یێکی فه‌رمی ته‌ئید سه‌که‌ن و فۆرمیان بۆ دروست ده‌کرێت.
لایه‌نه کوردستانییه‌کانی که‌رکووک جه‌ختیان کردۆته‌وه که پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییانی که‌رکووک به‌تایبه‌تی کاکه‌ییه‌کانی شاری که‌رکووک له ئه‌ستۆی هێزه ئه‌منییه‌کاندایه و پێویسته سه‌ر و ماڵیان بپارێزرێت.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment