کوردپرێس: لە ڕاگەیەندراوێکى بەرگریى شارستانیدا هاتووە بە بڕیارى وەزیرى ناوخۆ زیاتر لە ٣٠ تیمى ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەى ناوچەى تەقینەوەکە کراوە لە نزیکەى بنکەى ئاسمانیى بەلەد و دواى چەند کاتژمێرێک توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، زیاتر لە ٢٥ ژوورى پڕ لە چەک و تەقەمەنیى حەشدى شەعبى کە سەربە گرووپى کەتیبەى ئیمام عەلى بوون لە تەنیشت بنکەى ئاسمانیى بەلەد تەقیوەتەوە.
ئاماژەى بەوەش کراوە، تیمەکانى بەرگریى شارستانى توانیویانە رێگرى بکەن لە تەقینەوەى چەند کۆگایێکى ترى نزیک لە بنکەکە، کە ١٥ مەتر لە ئاگرى تەقینەوەکەوە دوور بووە.
تا ئێستاش هۆکارى تەقینەوەى کۆگاکە ڕوون نەبووەتەوە و نازانرێت بەهۆى بۆردوومانى فڕۆکەوە یان تێگرتنى مووشەکەوە بووە یان هۆکارى تر.
بنکەى سەربازیى بەلەد لە باشوورى پارێزگاى سەڵاحەدین کە پێشتر بە بنکەى بەکر ناسرابوو، گەورەترین بنکەى ئاسمانیی سەربازییە لە عێراق و ٦٤ کیلۆمەتر لە باکوورى بەغداوە دوورە و لە ناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا دروست کراوە و ڕووبەرەکەى ٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە پەرژینێکى ئەمنیى توند دەورەدراوە، کە درێژییەکەى ٢٠ کیلۆمەترە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment