بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرە رۆژنامەوانىیە هاوبەشەکەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێم ئاماژەى بە هاوکارییە سەربازى و پزیشکییەکانى حکوومەتى ئەڵمانیا کرد بۆ هێزى پێشمەرگەى هەرێمی کوردستان و وتیشى:"دەمانەوێت زیاتر سوود لە زانستى سەربازیى لەو وڵاتە وەربگرین و لە رێکخستنەوە و بەهێزکردنى تواناکانى هێزى پێشمەرگە بە هاوکارى و پاڵپشتى ئەڵمانیا".
هەروەک خۆشحاڵى خۆى دەربڕى لەوەى بتوانن بە هاوکارى ئەڵمانیا و هاوپەیمانان چاکسازى لە هێزى پێشمەرگە بکەن و رێکیان بخەنەوە، ئاماژەى بەوەش کرد کە داعش سەقاڵى خۆرێکخستنەوەیە بۆیە "دەبێت کارى بەپەلە بکرێت بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنییەکان".
لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی: "زۆر بە هەستیارییەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین و لە کوردستان دەمێنینەوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەڵمانیا لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".
لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، ئانگرێت کرامپ کارنپاوەر وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دواى گەیشتنى بە هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و وەزیرى پێشمەرگە کۆ بوووەوە و سەردانى سەربازان و راوێژکارانى وڵاتەکەى و هێزى پێشمەرگەى کرد و لەو کۆبونەوانەدا هاوكارییە سەربازییەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كران.
هەروەها کارنپاوەر لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، لەگەڵ شاندێكی ژنە ئێزدییە رزگاربووەكاندا دیدارى ئەنجام دا و هەر لەوبارەیەوە دوزەن تەكاڵ كچە چالاكوانی ئێزدی كە یاوەریى وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەکات و رایگەیاند: خۆشحاڵە بەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا یەكەم شاند كە بینیویەتی كۆمەڵێک ژنانی رزگاربووی ئێزدیی بوون.
سەردانەکەى کرانپاوەر دواى ئەوە دێت، لە چەند ساڵى رابردودا و لە شەڕى دژى داعشدا وڵاتەکەى یەکێک بووە لە لایەنە کاریگەرەکانى نێو هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى داعش و لەو چوارچێوەیەدا جگە لە سەردانى مەیدانى بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە بۆ هەرێمى کوردستان، حکوومەتى ئەڵمانیا رۆڵى کاریگەرى هەبووە لە مەشق پێکردن و هاوکاری کردنى سەربازى و لۆجیستى هێزى پێشمەرگەى کوردستان.
هاوکات حکوومەتى ئەڵمانیا و وەزارەتى بەرگرى ئەو وڵاتە لە شەڕى دژى داعشدا زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک و تەقەمەنیی پێشکەشى هێزى پێشمەرگە کردووە کە دیارترینیان چەكی جۆرى میلان بوو بە بڕی 95 ملیۆن دۆلار کە یەکێکە لە چەکە هەرە پێشکەوتووەکان و لە شەڕى دژى داعشدا رۆڵى کاریگەرى بینى.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment