تورکیا کوردی باش به‌ کوردێکی مردوو ده‌زانێت/ ئه‌مریکا بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان کورد و تورکیا دڕدۆنگه‌

به‌شی دیمانه‌/ سووریا- کارناسێکی سیاسیی سووریا ده‌ڵێت: بیرۆکه‌ی تورکیا له‌ ناوچه‌ی ئارام هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ ڕوو نادات به‌ڵام هه‌روا که‌ به‌رپرسانی کورد ڕایان‌گه‌یاندووه‌ ناوچه‌ی ئارامی قبووڵ‌کراوی ئه‌وان ده‌توانێت نیگه‌رانییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات.

به‌هزاد عه‌موو کارناسی سیاسی و هه‌واڵنێری سووریا له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی ئه‌مریکا و تورکیا له‌باره‌ی دروست‌کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی گوت: له‌وه‌ته‌ی کۆتایی‌هاتنی داعش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان و سوپای سووریای دیموکرات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریاوه‌ ڕاگه‌یێندراوه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا زیاتر بۆته‌وه‌. ئامانجی کۆتاییی تورکیا له‌ناوبردنی سیسته‌می ئیداره‌ی خۆسه‌ره‌ و جگه‌ له‌مه‌ش شتێک نییه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌موو ڕێگایێک ته‌نانه‌ت سه‌ربازی و سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات شکست به‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ر بهێنێت و ناوچه‌ی ئارامیش ته‌نها زێده‌ڕۆیییه‌کانی تورکیا په‌رده‌پۆش ده‌کات.

به‌هزاد عه‌موو ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌موان ده‌زانن که‌ چه‌کی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌ که‌ بیانه‌وێت ئاسایشی تورکیا بکه‌نه‌ ئامانج که‌واته‌ ئه‌مانه‌ هه‌ندێک سیناریۆن بۆ فره‌خوازی و به‌ره‌وپێشبردنی ستراتێژیی درێژخایه‌ن بۆ دابه‌ش‌کردن و داگیرکردنی خاکی سووریا.

کارناسه‌ سیاسییه‌که‌ی سووریا ئاماژه‌ی به‌ ده‌وری ئه‌مریکا له‌مباره‌وه‌ کرد و گوتی: له‌م نێوانه‌دا ئه‌مریکا بۆ بڕیاردان دڕدۆنگه‌ و هه‌لومه‌رجێکی زۆر دژواری له‌ به‌رده‌مدایه‌ و هه‌روا که‌ ده‌بینین چه‌ندین جار هه‌وڵی داوه‌ تورکیا له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر داپه‌ڕێکی شه‌ڕخوازانه‌ پاشگه‌ز بکاته‌وه‌.

ناوبراو ڕوونی کرده‌وه‌: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا ڕای‌گه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌سه‌ر داخڵ‌بوونی ئه‌و وڵاته‌ بۆ قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تری باکووری سووریا ئیتیفاقیان کردووه‌ به‌ڵام ده‌بینین که‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا بابه‌ته‌که‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و له‌سه‌ر سێ بڕگه‌ ته‌ئکیدی کردووه‌ یه‌که‌م؛ هه‌ستیارییه‌کانی تورکیا له‌به‌رچاو ده‌گرن، دووهه‌م؛ هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ ڕێککه‌وتنێک له‌وباره‌وه‌ و سێهه‌م ناوه‌ندی بڕیاردانی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا بۆ چاودێری له‌سه‌ر دۆخه‌که‌ دروست ده‌کرێت.

کارناسه‌ سوورییه‌که‌ی جه‌ختی کرده‌وه‌: ده‌بینین که‌ هێشتا ئه‌مریکا له‌ نێوان ئه‌م شه‌ڕه‌دا نه‌یتوانیوه‌ خۆی یه‌کلا بکاته‌وه‌ چوونکه‌ نایهه‌وێت بڕیاره‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌نها لایێک بشکێته‌وه‌ چوونکه‌ لێکه‌وتێکی خراپ و پێشبینی‌نه‌کراوی به‌دواوه‌ ده‌بێت.

به‌هزاد عه‌موو وه‌بیری هێنایه‌وه‌: ئه‌مریکا دڕدۆنگه‌ و له‌ دووڕێیانێکدا گیری خواردووه‌ که‌ ڕێگایێکی به‌ره‌و هاوپه‌یمانه‌ مێژووییه‌که‌ی واتا تورکیا ده‌چێت و ڕێگایێکی دیکه‌شی به‌ره‌و کورد وه‌ک ئه‌مه‌گدارترین هێزی زه‌وینی له‌ سووریا ده‌چێت به‌م بۆنه‌وه‌ شک و گومانی له‌سه‌ر بڕیاره‌کانی هه‌یه‌ و ده‌یهه‌وێت ڕێگایێکی باش بدۆزێته‌وه‌.

کارناسه‌ سوورییه‌که‌ بیرۆکه‌ی تورکیای له‌سه‌ر ناوچه‌ ئارامه‌که‌ به‌ هه‌ڵه‌ وه‌سف کرد و گوتی: بیرۆکه‌ی تورکیا له‌ ناوچه‌ی ئارام هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ ڕوو نادات به‌ڵام هه‌روا که‌ به‌رپرسانی کورد ڕایان‌گه‌یاندووه‌ ناوچه‌ی ئارامی قبووڵ‌کراوی ئه‌وان ده‌توانێت نیگه‌رانییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات.

به‌هزاد عه‌موو باسی له‌وه‌ کرد که‌ ناوچه‌ ئارامه‌که‌ ده‌توانێت بژارده‌یێکی گونجاو بۆ باکووری سووریا بێت و ڕوونی کرده‌وه‌: ناوچه‌ی ئارامی ئاماژه‌پێکراوی ئیداره‌ی خۆسه‌ر و ئه‌مریکا بژارده‌یێکی گونجاو و باشه‌ چوونکه‌ چیدی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا نامێنێت و خه‌ڵک نیگه‌رانی له‌ده‌ستدانی گیان و سامانیان نابن.

کارناسی سیاسی و هه‌واڵنێری سووریا جه‌ختی کرده‌وه‌: دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام ڕێگر ده‌بێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا و زێده‌ڕۆیییه‌کانی ڕووسیا له‌ ڕێگای تورکیا. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ دامه‌زراندنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌توانێت هه‌لێکی باشتر بۆ دانووستانی شاندی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی فه‌راهه‌م بکات و ڕێگه‌چارێکی سیاسی بۆ په‌یوه‌ندیی ئیداره‌ی خۆسه‌ر و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بکاته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85804

Your Comment

You are replying to: .
captcha