په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ی كۆمپانیای روسنه‌فت ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پێدانی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار له ‌لایه‌ن كۆمپانیای روسنه‌فتی ڕوسییه‌وه‌ به ‌هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ له ‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییەوە، كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه ‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كۆمپانیای ڕوسنه‌فت له ‌ڕاگه‌یێندراوێكی فه‌رمیدا ئاشكرای كردووه‌، بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلاری وه‌ک پێشه‌كی هه‌نارده‌ی نه‌وت، داوه‌ته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم.

ڕێواز فایه‌ق، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، دەڵێت: ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌ی كۆمپانیای ڕوسنه‌فت بۆ ئێمه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، بۆیه‌ به‌دواداچوونی جدی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین و له ‌كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش، پرسیار له ‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.

ئه‌وه‌ش له ‌كاتێكدایه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌تی كرده‌وه‌، هیچ بڕه‌ پاره‌یێكیان له‌ لایه‌ن كۆمپانیا رووسییه‌كه‌وه‌ پێدرابێت.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، ڕێواز فایه‌ق ده‌ڵێت: به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم، كۆمپانیای ڕوسنه‌فت پاره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی كاش ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ناكات، به‌ڵكوو به‌شێكی بۆ وه‌به‌رهێنان خه‌رج ده‌كات، به‌ مه‌به‌ستی زیاد كردنی توانای هه‌نارده‌ كردن له ‌ڕێگه‌ی بۆری جه‌یهانه‌وه‌ له‌ 700 هه‌زاره‌وه‌ بۆ ملیۆنێک به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، ئێستاش كه‌ به‌سیوله‌ی نه‌قدی پاره‌كه‌ی ڕه‌وانه ‌كردبێت بۆ ئێمه‌ شتێكی تازه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی حكوومه‌تیش له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئاشكرای كرد: وه‌ڵامی ڕه‌سمیی حكوومه‌ت له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كان نابێت و ده‌بێت له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان ڕوونكرنه‌وه‌ بدات و وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاران بدرێته‌وه‌.

سەرچاوە: ‌SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8511

Your Comment

You are replying to: .
captcha