بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لە نووسینێكدا بە ناونیشانی (كۆنگرە و سەركردایەتی! پڕۆژەیێک بۆ ھەڤاڵانی یەكێتی) ڕایگەیاندووە: لە پێش كۆنگرەی سێیەم ئەم بابەتەم ورووژاند و لە زۆر لاشەوە پشتگیری كرا، بەڵام زاڵ بوونی بیركردنەوە حزبییە كلاسیكیەكە بووە ڕێگر لە بەردەمی و تەنانەت لە ناو كۆنگرەش نەبووە بابەتی گفتوگۆ.
ئارێز عەبدوڵڵا دەشڵێت: ئەنجومەنی سەركردایەتی بەپێی ڕێژەی دەنگەكانی دوا ھەڵبژاردن لە سەر ئاستی پارێزگاكان ھەڵبژێردرێ، واتە ھەر پارێزگایێک و بەپێی ئەو ڕێژە دەنگەی بەدەستی ھێناوە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ دیاری بكرێ.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: "لە پاڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند ئەنجومەنێک كە لە ٣ تا ٥ ئەندام پێكبێت لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ھەڵبژێردرێ و ئەركی ئەم ئەنجومەنە ڕاوێژكاری و ڕاسپاردەیی بێت".
ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە كاتی دەرنەچوونی ھەڤاڵان كاریگەری و كاردانەوەیان كەمتر دەبێ لەوەی لە كۆنگرە دەرنەچن، ئەو ھەڤاڵانەی دەردەچن جگە لەوەی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتین دەبنەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگاكانیشیان.
دەقی پڕۆژەكەی ئارێز عەبدوڵڵا:
كۆنگرە و سەركردایەت ! پڕۆژەیێک بۆ ھەڤاڵانی یەكێتی
لە پێناوی تێپەراندنی كێشەكان و ھەنگاونان بەرەو قۆناغێكی نوێی سەقامگیر و سەردەمیانە ئەم پڕۆژەیە ئەخەمە بەر دیدی ھەڤاڵانم بەو ھیوایەی ھەر كەسە و لە ئاستی خۆی بە تێبینی و سەرنجەكانی دەوڵهمەندی بكا و ببێتە پڕۆژەیێكی گشتیی یەكێتی.
لە پێش كۆنگرەی سێیەم ئەم بابەتەم ورووژاند و لە زۆر لاشەوە پشتگیری كرا، بەڵام زاڵ بوونی بیركردنەوە حزبییە كلاسیكیەكە بووە رێگر لە بەردەمی و تەنانەت لە ناو كۆنگرەش نەبووە بابەتی گفتوگۆ. پێش ئەوەی لێرە ئەم بابەتە بڵاو كەمەوە بۆ ھەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیم ناردووە لەگەڵ زۆریشیان بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كردووە و حەز دەكەم ئەو بیرۆكەیە لەلای زۆربەی ھەڤاڵان پەسەندە و دڵنیاشم لە ئەنجامی گفتوگۆكردن لە سەری دەوڵەمەندتر و بە پێزتر دەبێ:
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و كۆنگرە بەم شێوەیەی خوارەوە لە یەكتری جیا بكرێنەوە:
یەكەم: ئەنجومەنی سەركردایەتی
ئەنجومەنی سەركردایەتی بەپێی رێژەی دەنگەكانی دوا ھەڵبژاردن لە سەر ئاستی پارێزگاكان ھەڵبژێردرێ. واتە ھەر پارێزگایێک و بەپێی ئەو رێژە دەنگەی بە دەستی ھێناوە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی بۆ دیاری بكرێ. بۆ نموونە كۆی دەنگەكانی یەكێتی÷ ٥٠ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی= كۆی ئەو دەنگانەی بۆ ھەر ئەندامێک پێویستە. دواتریش ھەر پارێزگایێک بەپێی ئەو رێژەیە ئەندامەكانی دیار دەبن.
بۆ چی ئەم شێوازە ھەڵبژاردنە گرنگە؟
1- ھەموو پارێزگاكان نوێنەری خۆیان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێ و بێبهش نابن وەكوو ئەوەی لە كۆنگرەی ڕابردوو بۆ بادینان ڕووی دا.
2- دەستەگەری سەرتاسەری نامێنێ، یاخود كاریگەری زۆر كەم دەبێتەوە.
3- دەنگدەران لە نزیكەوە كاندیدەكان دەناسن و بە دڵنیاییتر دەنگ دەدەن.
4- كادیرەكان ھەر یەكە و لە شوێنی خۆی ھەوڵ دەدا كاری باشتر بكا و پشت بە خۆی ببەستێ نەک بە كەسانی تر بۆ دەرچواندنیان.
5- پەیوەندی نێوان سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگران توند و تۆڵتر دەبێ.
6- لە كاتی دەرنەچوونی ھەڤاڵان كاریگەری و كاردانەوەیان كەمتر دەبێ لەوەی لە كۆنگرە دەرنەچن.
7- ئەو ھەڤاڵانەی دەردەچن جگە لەوەی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتین دەبنەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگاكانیشیان.
8- سەركردایەتیی پارێزگاكان ھەر یەكە و بەپێی ھەلومەرجەكانی خۆیان كار دەكەن و لە بەرامبەر ئەنجومەنی سەركردایەتییش بەرپرسیار دەبن.
9- كاندید كردن بۆ پەرلهمانەكانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و پۆستەكانیتر لە لایەن سەركردایەتیی پارێزگاكانەوە دەبێ كە ئەمەش ھەم پەیوەندی سەركردایەتی لەگەڵ كادیرەكانی توند و تۆڵتر دەكا و ھەمیش لە ھەڵسەنگاندن كارامە و ورد تر دەبێ.
10- ناوەندیەتی كەم دەبێتەوە و دیموكراسی ناوخۆیی حزب گەشە دەكا.
دووەم: لە كۆنگرە تەنیا كەسی یەكەم و هاوكارەكانی ھەڵبژێردرێن یان بە ئەنجومەنی سەركردایەتی بسپێردرێنەوە.
دەكرێ دوای كۆنگرە ئەنجومەنی سەركردایەتی ھەڵبژێردرێ، بەڵام گرنگترە كە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆنگرە ببەسترێ.
چوونكە:
1- ئەو كات ئەندامانی كۆنگرە سەرقاڵی خۆ كاندید كردن و دەستەگەری و پشتگیری كردن لەم و لەو نابن.
2- گفتوگۆیێكی چڕ و بە سوود لە سەر پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی ھەڵبژاردن دەكرێ.
3- كۆنگرە دەبێتە خولێكی ڕووناكبیری سیاسیی كاریگەر و پتەو بوونی پەیوەندی و باشتر لە یهکتێگهیشتنی ھەڤاڵان .
4- بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرە پوختە و گرنگ و كاریگەرتر دەبن.
5- ھەموو ھەڤاڵانی بەشداربوو زیاتر ھەست بە ڕۆڵ و جێ دەستیان لە داڕشتنەوەی سیاسەت و بەرنامەكانی یەكێتی دەكەن.
6- دوای تەواو بوونی كۆنگرە ھەموو بەشدار بووان ڕاستەوخۆ كار و گفتوگۆكانی كۆنگرە دەبەنەوە ناو ئۆرگانەكانی خۆیان.
7- دوای تەواو بوونی كۆنگرە، بەشداربووان بە گیانێكی بەرپرسانە و حەماسەتێكی زیاترهوە كار بۆ جێبەجێ كردنی ھەموو بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرە دەكەن.
بە كورتی لە جیاتی ئەوەی كۆنگرە ببێتە قۆناغی لێكترازان و دەستەگەری و دڕدۆنگی و نیگەران بوونی ئەم ئەو دەبێتە وەرچەرخانێكی گرنگ لە ژیانی حزبی و سیاسی یەكێتدا.
سێیەم: ئەنجومەنی ناوەند
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوەندیش بە ھەمان شێوەی لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی بێ.
چوارەم: پێویستە رێژەی توركمان، كلد، ئاشوور، عارەب و ژنان لەبەر چاو بگیرێ.
پێنجەم: شێوازی ھەڵبژاردن
پێم باشە لە سەر بنچینەی لیستی ئەندامان بێ، واتە ھەموو ئەندامانی یەكێتی ڕاستەوخۆ دەنگ بدەن. ئەگەر ئەمە پەسەند نەبێ لە ئاستێكی دیاریكراو بۆ نموونە لە ئەندامی كۆمیتە بە سەرەوە یا خود لە كۆنفرانسە ناوچەییەكان نوێنەر ھەڵبژێردرێن و دەنگ بدەن.
شەشەم: بۆ ھەڵبژاردنی سكرتێر، سەرۆک یان دەستەی سەرۆكایەتی لە كۆنگرە بڕیاری لێ بدرێ و ھەڵبژێردرێ.
حەوتەم: لە پاڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند ئەنجومەنێک كە لە ٣ تا ٥ ئەندام پێک بێت لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییهوه ھەڵبژێردرێ و ئەركی ئەم ئەنجومەنە ڕاوێژكاری و ڕاسپاردەیی بێ.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment