په‌یامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا داوا له‌ سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات سه‌رپشک بن له‌ بڕیاردان بۆ هه‌نگاوی پێویست.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هاوكات داوا له‌ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان و بنكه‌كانی ته‌ندروستی و ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات، ئه‌مشه‌و پابه‌ند بن به‌ شوێنی كارییانه‌وه‌ و له‌ ئاماده‌باشیدا بن بۆ هاوكاری كردنى هاووڵاتییان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

کوردستانیانی خۆشه‌ویست،

به‌داخه‌وه‌، ئه‌مشه‌و 12- 13/11/2017 بوومه‌له‌رزه‌یێک شاره‌کانی کوردستانی هه‌ژاند و بووه‌ هۆکاری گیان له‌ده‌ستدان و بریندار بوونی چه‌ندین هاووڵاتى له‌ ناوچه‌ جیاجیاکان. لێره‌وه‌ داوا له‌ کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ و بنکه‌کانی ته‌ندروستی و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی په‌یوه‌ست به‌ هاوکاریی هاووڵاتیان ده‌كه‌ین ئه‌مشه‌و په‌یوه‌ندی به‌ شوێنی کاریانه‌وه‌ بکه‌ن و له‌ ئاماده‌باشیدا بن بۆ هاوکاری کردنی هاووڵاتییان به ‌تایبه‌تیش برینداران.

به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌که‌ كارگێڕییه‌کان سه‌رپشک ده‌کات له‌ بڕیاردان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێک که‌ پێویست بکات بۆ هاوکاری کردنی برینداران و هاووڵاتییان.

له‌ په‌روه‌ردگاری مه‌زن داواكارین گیانی قوربانییان به‌ به‌هشتی خۆی شاد بکات و سه‌بووریی که‌سوکاریان بدات، هیوای زوو چاکبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران و سه‌لامه‌تی بۆ هاووڵاتییان ده‌خوازین.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8444

Your Comment

You are replying to: .
captcha