پەلاماردانی پەرلەمان و بارەگاکان بە فەرمانی مەسروور بارزانی بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەتا سەراوی ڕایگەیاند: پەلاماردانی پەرلەمان و سووتاندنی بارەگاکان لە هەولێر و دهۆک بە فەرمانی مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەتا سەراوی دەڵێت: دەبێت گۆڕانکاری لە حکوومەتدا بکرێت، گۆڕان و کۆمەڵ بگەڕێنەوە، هەروەها پەرلەمان پەرلەمانێکی ڕاستی بێت نەک بەڕێوەبەرایەتییێک کە هەر کاتێک ویستیان مەسروور بارزانی هێزێک بنێرێتە سەری.

عەتا سەراوی وتیشی: ئەو کەسانەی چوونە سەر پەرلەمان و بارەگاکان، کەسانی ناو دەزگاکەی مەسروور بارزانی بوون.

ناوبراو جه‌ختی کرد: لە دەست دانی کەرکووک شکستی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم بوو. هۆکارەکەی ئەوە بوو کە متمانە له‌ نێوان پارتی و یەکێتیدا نەماوە.

سەراوی لە بارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی ئاماژەی بەوە کرد: ئەگەر پارتی دەیەوێت ئەم وڵاتە دوو ئیدارەیی بێت با شەرم نەکات و ئاشکرای بکات. خەڵک دەزانێت کە پارتی کێشەی ناوخۆیی هەیە و ناتوانن بیشارنەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ڕاشیگەیاند: "ئێمە و پارتی هاوسەنگ نەبووین لە ڕووی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پێشمەرگە و بودجەدا، ئەوان دەیانویست هەولێر و دهۆک بە وتەی خۆیان بکەنە دۆبەی و سلێمانیش بکەنە گوندێکی گەورە."

لە شەوی ٢٩ى ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر تیمی ڕۆژنامەوانیی ئێن ئاڕ تی لە پەرلەمان و هەمان شەو پەلاماری نووسینگەی ئێن ئاڕ تی درا و زۆربەی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی نووسینگەکە شکێنرا و تاڵان کرا. بەو هۆیەوە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار زیان بە نووسینگە و کەرەستەکانی کەوتووە.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە داوای یاسایی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی پارتی تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی دەکاتەوە، لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەر نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کارمەندانی کەوتووە لە شاری هەولێر.

سەرچاوە: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8379

Your Comment

You are replying to: .
captcha