ته‌وه‌ری دانووستانی شاندی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتی: شاندێکی کورد بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2018ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سامان فه‌تاح له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی "موازین نیوز"دا ڕای‌گه‌یاند: حه‌فته‌ی داهاتوو شاندێکی کورد پێکهاتوو له‌ تێکڕای حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات.

ناوبراو جه‌ختی کرد: ئه‌و شانده‌ له‌ کارناسانی دارایی و ئیدارییه‌وه‌ پێکدێت که‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و حزبه‌ سیاسییه‌کانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2018 گفتوگۆ ده‌کات.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو شاندی کورد سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات و باسی له‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجام و ڕێککه‌وتنێکی گرینگ له‌باره‌ی به‌شه‌بودجه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8348

Your Comment

You are replying to: .
captcha