راگەیێندراوێک لە حكوومەتی هەرێمەوە لە سەر رەشنووسی بودجە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای هەموار كردنەوەی رەشنووسی بودجەی فیدراڵی عێراق دەكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حكوومەتی هەرێم دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە سەر رەشنووسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 لە راگەیێندراوێكدا، ئاماژەی بەوە داوە: رەشنووسی ‌یاساكە چەندین ماددە و بڕگەی نادەستووری لە خۆی دەگرێت و بە ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە مەبەست لێی فەرامۆش كردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە، دەستووریش ڕێگەی بە سنووردار كردن یان كەم كردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەداوە.

ئەوەش هاتووە: حكوومەتی هەرێم دیالۆگ لە سەر بنەمای دەستووری عێراق بە تاقە رێگەی چارەسەر كردنی كێشەكان دەزانێت، جارێكی دیكەش ئامادەییی بۆ چارەسەر كردنی هەموو كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور دووپات دەكاتەوە، چوونكە پێی وایە و مێژووش سەلماندوویەتی بەكارهێنانی هێز و رێكاری سەربازی ناتوانن هیچ كێشەیێک چارەسەر بكەن.

حكوومەتی هەرێم داواشی لە حەیدەر عەبادی كردووە كە ئەنجومەنی وەزیران تەواوی دەسەڵاتی هەر دەستكاری كردن و هەموار كردنێكی ڕەشنووسی یاساكەی داوەتێ، تێبینییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ڕەشنووسی یاسای بوودجە لە بەرچاو بگرێت

دەقی راگەیێندراوەكە بە شێوازی خوارۆیە:

سەرلە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 6/11/2017 بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی عێراقەوه بۆ ساڵی 2018 كۆبووەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە ڕەشنووسی ‌یاساكە كە ڕۆژی یەكشەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تاوتوێ كرا، چەندین ماددە و بڕگەی نادەستووری لەخۆی دەگرێت و بە ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كەمەبەست لێی فەرامۆش كردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە كە لە دەستووری عێراقدا وەک هەرێمێكی فیدراڵ دانی پێدا نراوه، نەک پارێزگاكانی باكووری عێراق وەک له ڕەشنووسەكەدا هاتووه، دەستووریش ڕێگەی به سنووردار كردن، یان كەم كردنەوەی دەسەڵاته دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەداوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوه كردەوه كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیالۆگ لە سەر بنەمای دەستووری عێراق به تاقه ڕیگەی چارەسەر كردنی كێشەكان دەزانێت، جارێكی دیكەش ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق لە سەر بنەمای دەستوور دووپات كردەوه، چوونكه پێی وایه و مێژووش سەلماندوویەتی كه بە كارهێنانی هێز و ڕێكاری سەربازی، ناتوانن هیچ كێشەیێک چارەسەر بكەن.

ئەنجومەنی وەزیران داوای كرد حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كه ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تەواوی دەسەڵاتی هەر دەستكاری كردن و هەموار كردنێكی ڕەشنووسی یاساكەی داوەتێ، تێبینییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ڕەشنووسی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 لە بەرچاو بگرێت، ئەو نادادپەروەرییەش له ڕەشنووسی بودجەدا هەڵبگرێت كه بەشی هەرێمی كوردستانی تەنها به%12.6 دەستنیشان كردووە، وێڕای ئەوەی تەرخان كراویش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان به بەراورد لەگەڵ شایستەی داراییان بەپێی تۆماری بایۆمەتری، زۆر كەمتره و تەنانەت بەشی مووچەی تەنها پارێزگایێكی هەرێمی كوردستانیش ناكات.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8345

Your Comment

You are replying to: .
captcha