تێکڕای سیاسه‌توانه‌ ئه‌مریکییه‌کان به‌ بارزانییان وتبوو، ئه‌مریکا پاڵپشتیی ئەو ناکات

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- مایکڵ ڕووبین شاره‌زای ئه‌نیستیتۆی ئه‌مریکه‌ن ئینتێرپرایز له‌ دیمانه‌یێکی کوردپرێسدا ڕای‌گه‌یاند: ته‌قریبه‌ن تێکڕای سیاسه‌توانه‌ ئه‌مریکییه‌کان پێش ڕیفراندۆم به‌ مه‌سعوود بارزانییان وتبوو که‌ ئه‌مریکا پاڵپشتی ئه‌و نابێت. سه‌باره‌ت به‌ که‌رکووکیش، ئه‌مریکا هه‌رگیز هاوڕا نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ لکاندنی ئه‌و شاره‌ به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌.

کوردپرێس: مایکڵ ڕووبین ماوه‌یێکی زۆر له‌ هه‌رێمی کوردستان ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ زانستگاکاندا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه‌. ناوبراو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئابووریی کوردستان ئاشنایه‌.

مایکڵ ڕووبین له‌ دیمانه‌یێکی کوردپرێسدا سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم و لێکه‌وته‌کانی و به‌ تایبه‌ت له‌ده‌ست دانی که‌رکووک و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان، داهاتووی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و شه‌خسی بارزانی ودیکه‌ی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان وه‌ڵامی هه‌ندێک پرسیاری داوه‌ته‌وه‌. ناوبراو پێی وایه‌ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کورده‌کانی عێراق کۆتاییی پێ نه‌هاتووه‌ به‌ڵام پێویستی به‌ کات و گۆڕانکاری له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌.

مایکڵ ڕووبین، مه‌سعوود بارزانی به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌کیی شکستهێنانی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان و گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ ده‌زانێت چوونکه‌ به‌ وته‌ی ناوبراو، بارزانی متمانه‌ی زۆری به‌ پاڵپشتیی ئه‌مریکا بوو به‌ڵام ئه‌مریکییه‌کان به‌ بارزانییان وتبوو که‌ پشتیوانیی لێ ناکه‌ن هه‌ر بۆیه‌ش ڕووبین پێی وایه‌ کورده‌کان به‌ باشی له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا تێنه‌گه‌یشتوون.

ده‌قی دیمانه‌که‌ی مایکڵ ڕووبین له‌گه‌ڵ کوردپرێس به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

کوردپرێس: به‌ ڕای ئێوه‌ کورد له‌ ڕیفراندۆم چیی ده‌ست که‌وت و چیی له‌ ده‌ست دا؟

مایکڵ ڕووبین: به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆم ناعاقڵانه‌ بوو. که‌س پێویستی به‌م ڕیفراندۆمه‌ نه‌بوو تاوه‌کوو بزانێت کورد داوای چی ده‌کات یان چی ده‌ڵێت. به‌وه‌شه‌وه‌ ساڵی 2005 ڕیفراندۆمێک کرابوو. ئه‌سته‌مه‌ بڕوا بکه‌ین مه‌سعوود بارزانی کاری ناعاقڵانه‌ی وای کردبێت. ئایا بارزانی پێی وابوو تورکیا، ڕووسیا و ئه‌مریکا پاڵپشتی ده‌بن. له‌ حاڵێکدا به‌ ئاشکرا و به‌ نهێنی پێیان گوتبوو دژی به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمن. وێده‌چێت بارزانی بڕوای به‌ میدیا و ڕۆژنامه‌ کوردییه‌کان بووبێت به‌ڵام خافڵ بوو له‌وه‌ی میدیاکان پاره‌یان پێ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سعوود بارزانی چی حه‌ز پێ ده‌کات ئه‌وه‌ ڕووماڵ بکه‌ن نه‌ک ڕاستییه‌کان.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر کورده‌کان به‌ ڕاستی بارزانی و ڕوانگه‌ی بارزانییان ده‌ویست بۆچی له‌ سلێمانی ئه‌م جاره‌یان له‌ چاو ڕیفراندۆمی پێشوو 200 هه‌زار که‌س که‌متر به‌شدارییان کرد ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا ته‌له‌فزیۆنی ڕووداو و کوردستان 24 ته‌نها ستایشی بارزانییان ده‌کرد و مه‌سیحییه‌کان و ئێزدییه‌کان له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان به‌ ئه‌مریکایان وتبوو حه‌ز ناکه‌ن پاڵپشتیی بارزانی بکه‌ن. به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌ته‌کانی بارزانی کاره‌ساتی خولقاند. ئه‌گه‌ر بارزانی ڕیفراندۆمی نه‌کردبا کورده‌کان به‌رده‌وام ده‌یانتوانی ئیداره‌ی ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و پاش ماوه‌یێک ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بوونه‌ به‌شێک له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق.

کوردپرێس: مه‌سعوود بارزانی له‌ 26 ساڵی ڕابردوودا واتا له‌ 1991ه‌وه‌ تا 2017 پێوه‌ندییێکی باشی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌بووه‌ به‌ڵام حه‌فته‌ی ڕابردوو وتی کورده‌کان به‌ ته‌نها جێ هێڵدران و کورد جگه‌ له‌ کورد هیچ دۆستێکی‌تری نییه‌. وێده‌چێت کورده‌کان هیوایان به‌ پاڵپشتیی ڕۆژئاوا نه‌مابێت. ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

مایکڵ ڕووبین: مومکینه‌ کێشه‌ کێشه‌ی کورده‌کان نه‌بێت به‌ڵکوو لووتبه‌رزیی مه‌سعوود بارزانی بێت. دۆستایه‌تی به‌و مانایه‌ نییه‌ هاوڕێکان دۆستی تایبه‌ت بن. ئه‌مریکا به‌رده‌وام دۆستی به‌غدا بووه‌. مه‌سعوود بارزانی نه‌ده‌بوو ئه‌مریکای ناچار کردبا له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یه‌کیان هه‌ڵبژێرێت به‌ڵام بارزانی ئه‌وه‌ی کرد. ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی ته‌قریبه‌ن هه‌موو سیاسه‌توانانی ئه‌مریکا پێیان گوتبوو ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان پاڵپشتی نابێت. ئه‌وه‌تان له‌ بیر بمێنێت ئینجا سه‌ره‌نجی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بده‌ن: گریمان مه‌سعوود بارزانی شۆفیری ئۆتۆمبێلێکی بۆگاتی چه‌ند میلیۆن دۆلارییه‌ له‌ دۆبه‌ی. ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ ئۆتۆمبێلی کێبه‌رکێی خێرایییه‌ و مه‌سعوود بارزانی به‌ خێرایی به‌ره‌و گاشه‌به‌ردێک ده‌چێت. ئینجا ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرن به‌ بارزانی ده‌ڵێن گاشه‌به‌ردێک له‌سه‌ر ڕێگه‌که‌یدایه‌ و ئه‌گه‌ر خێرایییه‌که‌ی دانه‌به‌زێنێت یان به‌ره‌و لایێکی‌تر نه‌چێت له‌ گاشه‌به‌رده‌که‌ ده‌دات. مه‌سعوود بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێته‌وه‌ پرسیار له‌ مه‌سروور بارزانی ده‌کات به‌ڵام مه‌سروور بارزانی وه‌کوو سه‌رۆکی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان به‌ بارزانی ده‌ڵێت به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌کانی ئه‌و گاشه‌به‌ردێک له‌ئارادا نییه‌ هه‌ر بۆیه‌ش بارزانی درێژه‌ به‌ ڕێبازه‌که‌ ده‌دات و له‌ ئاکامدا ئۆتۆمبێله‌که‌ له‌ گاشه‌به‌رده‌که‌ ده‌دات. گیانی بارزانی له‌و ڕووداوه‌دا ته‌ندروست ده‌رچوو به‌ڵام ده‌ڵێت کێشه‌که‌ له‌ که‌سانی‌تره‌وه‌ بوو. ئێستا کاتی ئه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ تێبگات کێشه‌که‌ خودی ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌ک هیچ کوردێکی دیکه‌ی عێراقی.

با به‌ شێوازێکی دیکه‌ و له‌ ڕوانگه‌یێکی دیکه‌وه‌ پرسه‌که‌ باس بکه‌ین. مه‌سعوود بارزانی ته‌نها گوێڕایه‌ڵی ئه‌و ئه‌مریکییانه‌ بوو که‌ پاره‌ی ده‌دانێ یان ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ شێوازێک قسه‌یان ده‌کرد که‌ بارزانی حه‌زی کردبا چوونکه‌ دیاره‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان واژۆ کردنی گرێبه‌ستی ئابووری بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان. ئه‌مانه‌ش هیچ پێوه‌ندیی به‌ دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر بارزانی له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا تێناگات ئه‌وه‌ کێشه‌ی خۆیه‌تی. ڕێگای زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا تێبگه‌ین یان هه‌ندێ کار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بکرێت تاوه‌کوو ئه‌مریکا باشتر پاڵپشتی کورده‌کان بێت. ئه‌گه‌رچی نابێت وا تێبگه‌ین که‌ ئه‌مریکا له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێکدا هاوڕای کورد ده‌بێت یان ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانانی دیکه‌ی خۆی به‌ بۆنه‌ی کورده‌کانه‌وه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرێت.

کوردپرێس: ئێستاکه‌ ئاینده‌ی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئایا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چیتر ته‌واو بووه‌ یان بڕواتان وایه‌ دواجار کورده‌کان له‌ عێراق جیا ده‌بنه‌وه‌؟

مایکڵ ڕووبین: نه‌خێر. من وا بیر ناکه‌مه‌وه‌ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کورده‌کانی عێراق کۆتاییی پێ هاتبێت. کورده‌کان له‌ ئاکامدا وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیانیان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ به‌ هه‌ندێک گۆڕانکاری له‌ وڵاتانی دراوسێدا به‌ تایبه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌ که‌ کورده‌کان له‌ تورکیا بگه‌نه‌ مافی خۆیان. له‌ حاڵێکدا له‌وانه‌یه‌ ئه‌ردۆغان به‌ ڕواڵه‌ت به‌هێز بێت به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی تورکیای لاواز و بێ‌هێز کردووه‌. ئه‌ردۆغان وه‌کوو چه‌سپێک وایه‌. لکاوه‌ به‌ تورکیاوه‌ و پاش مه‌رگیشی ئه‌سته‌م ده‌بێت سوپای تورکیا یه‌ک بخرێته‌وه‌ و سامانی پێشووی خۆی بگرێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا کێشه‌یێکی ئه‌مڕۆکه‌ی نێوخۆی تورکیا ئه‌وه‌یه‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ چیتر وه‌کوو پێکهاته‌یێکی جێی ڕێزی تورکه‌کان چاوی لێ ناکرێت. پاکتاوی به‌دگومانانه‌ی ئه‌ردۆغان بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپای تورکیا بچێته‌وه‌ ناو لاکی خۆی بۆ نموونه‌ ئاشکرا نییه‌ سوپای تورکیا ده‌توانێت په‌که‌که‌ له‌ ناو ببات یان خێر. مومکینه‌ به‌م زووانه‌ جێگیر کردنی هێزی تورکیا له‌ سووریا له‌گه‌ڵ ڕه‌وانه‌ کردنی هێزی سعوودییه‌ به‌ره‌و یه‌مه‌ن هه‌ڵسه‌نگێندرێت. دیاریش نییه‌ ئایا تورکیا له‌ سووریا ده‌یباته‌وه‌ یان خێر. ئه‌گه‌ریش نه‌یباته‌وه‌ ئایا ستراتێژییێکی ده‌بێت بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی له‌ سووریا یان خێر. به‌ کورتی ده‌یڵێم: تورکیا پێش له‌ عێراق دابه‌ش ده‌بێت.

کوردپرێس: لێکه‌وته‌ی له‌ده‌ست‌دانی که‌رکووک له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی چی ده‌بێت؟ ئایا پێتان وایه‌ کورده‌کان ده‌توانن جارێکی‌تر که‌رکووک کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌؟

مایکڵ ڕووبین: که‌رکووک گرینگترین هۆکاری سه‌ربه‌خۆیی نییه‌. به‌ هه‌ڵه‌دا مه‌چن. من له‌ مێژوو و له‌ هه‌ستی مێژووییی ده‌ڤه‌ری که‌رکووک تێده‌گه‌م به‌ڵام که‌رکووک له‌ هه‌ندێک کاتدا له‌ جێی ئه‌وه‌ی به‌ره‌که‌ت بێت زیاتر به‌ڵا و نه‌هامه‌تی بووه‌. یه‌که‌م قه‌یرانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی -ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین گه‌نده‌ڵی- له‌ که‌رتی نه‌وتی ناوچه‌که‌دا له‌لایه‌ن بارزانییه‌کان و تاڵه‌بانییه‌کانه‌وه‌ متمانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌ هه‌ڵگرتووه‌. دووهه‌م ئه‌وه‌ی بارزانی به‌ لکاندنی که‌رکووکه‌وه‌ دژایه‌تی و هه‌ڵوێستی نه‌رێنیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی زه‌مانه‌ت کرد. کورده‌کان حه‌ز ده‌که‌ن که‌رکووک به‌ قودسه‌وه‌ بشوبهێنن. خۆشیان وه‌کوو ئیسرائیل چاو لێده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی بارزانی له‌ بیری کردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیسرائیل له‌ پیلانی دابه‌ش کردنی فه‌له‌ستیندا (1947) و هه‌روه‌هاش له‌ شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆییدا چاوپۆشیی له‌ به‌شی کۆنی قودس کرد.

کوردپرێس: بۆچی ئه‌مریکا ئیزنی به‌ سوپای عێراق دا بچێته‌ که‌رکووکه‌وه‌؟

مایکڵ ڕووبین: ئه‌مریکا هه‌رگیز ئه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ناناسێت که‌ که‌رکووک هی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بێت. کورده‌کانی عێراق ده‌ڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی عێراقی ساڵی 2014 و پاش هێرشی داعش له‌ ناوچه‌که‌ هه‌ڵهاتن چیتر نابێت ئیدعای که‌رکووک بکه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شه‌نگالیش هه‌مان حاڵه‌ته‌ و ئایا بارزانییش به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵهاتنی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌نگال ده‌بێت بۆ هه‌میشه‌ چاوپۆشی له‌و ناوچه‌یه‌ بکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ پارتی بوو که‌ شه‌نگالی چۆڵ کرد و ئێزدییه‌کانی له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی داعشدا به‌ ته‌نها هێشته‌وه‌. کورده‌کان قه‌ناعه‌ت به‌ خۆ ده‌هێنن که‌ زیاترین شه‌ڕی داعشیان کردووه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ فه‌لووجه‌، ڕۆمادی، تکریت و مووسڵ حه‌شدی شه‌عبی و هێزی عێراقی ده‌وریان بینی.

کوردپرێس: بۆچی کاردانه‌وه‌ی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ ئیدعای پارتی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژموونیی ئێران له‌ که‌رکووک ئیجابی نه‌بوو؟

مایکڵ ڕووبین: ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ کاریگه‌ریی کرده‌ سه‌ر ژماره‌یێک له‌ کۆنگرێسمانه‌کانی ئه‌مریکا به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌ له‌ پێنتاگۆن یان وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا شتێکی‌تر بوو. ئه‌وه‌ش هیچ له‌ هه‌ژموونیی ئێران به‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ که‌م ناکاته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌ به‌رچاو بێت که‌ کاریگه‌ریی ئێران به‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و تاڵه‌بانییه‌کان تا یه‌ک ڕاده‌یه‌ و له‌ نێوان بارزانییه‌کاندا ئێران کاریگه‌ریی له‌سه‌ر نێچیرڤان بارزانی هه‌یه‌. له‌ ڕاستیدا کێشه‌یێکی گه‌وره‌ که‌ له‌م بابه‌تانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی نوێنه‌ره‌ کورده‌کان به‌ درۆ کردن متمانه‌ی خۆیانیان شکاندووه‌. به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌مریکا مومکینه‌ بتوانێت لێدوانی ژماره‌یێک کۆنگرێسمان بۆ پاڵپشتیی بارزانی وه‌ربگرێت به‌ڵام کاتێک هه‌مان نوێنه‌ر یان کۆنگرێسمان قسه‌ بۆ پێنتاگۆن ده‌کات پێیان ده‌وترێت ئه‌و خاتوونه‌ درۆی کردووه‌ و چیتر هه‌رگیز گوێڕایه‌ڵی قسه‌کانی نابن.

کوردپرێس: سه‌رکرده‌کانی پارتی و به‌ تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێین که‌وتنی که‌رکووک پیلانی نهێنیی نێوان یه‌کێتی و به‌غدا بوو. ئه‌وان ده‌سته‌واژه‌ی خه‌یانه‌ت به‌ کار ده‌هێنن. له‌باره‌ی پێوه‌ندیی ئه‌و دوو حزبه‌وه‌ له‌ داهاتوودا چی ده‌ڵێن؟

مایکڵ ڕووبین: بێگومان. مومکینه‌ خه‌یانه‌ت کرابێت به‌ڵام ئه‌و خه‌یانه‌ته‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی خوێنی زیاتر نه‌ڕژێت. ته‌نانه‌ت یه‌کڕیزیی کورده‌کانیش نه‌یده‌توانی پێش به‌و ڕووداوانه‌ بگرێت که‌ هۆکاره‌که‌ی پێشبینیی هه‌ڵه‌ی بارزانی بوو هه‌ر بۆیه‌ش به‌شێک له‌ کورده‌کان له‌ بارزانی تووڕه‌ن به‌ڵام ئایا لێدوانه‌که‌ی بارزانی قووڵاییی قه‌یرانه‌که‌ ئاشکرا ناکات. یه‌که‌م بارزانی که‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ قسه‌ له‌ خه‌یانه‌ت بکات ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا خودی بارزانی ساڵی 1996 سه‌دامی بانگهێشت کرد و خه‌یانه‌تی به‌ کورد کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر کاتێک قه‌یران و کێشه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات بارزانی دیکه‌ی کورده‌کان به‌ تاوانبار ده‌زانێت و ئه‌وه‌ش نه‌بوونی یه‌کڕیزیی نێو ماڵی کورد پیشان ده‌دات که‌ به‌شێکی زۆری له‌ ئه‌ستۆی مه‌سعوود بارزانییه‌. ڕاشکاوانه‌ ده‌یڵێم ئه‌گه‌ر کورده‌کان به‌نیازن سه‌ر که‌ون ده‌بێت سه‌رکرده‌کانی ئێستای کورد وه‌لا نێن. بارزانی سه‌رکرده‌یێکی عه‌شیره‌یییه‌ و نیگه‌رانییه‌کانیشی له‌ هه‌مان ئاستی بنه‌ماڵه‌ و خاو و خێزانی خۆیدایه‌. سه‌باره‌ت به‌ یه‌کێتییش ئێوه‌ به‌ ڕاستی پێتان وایه‌ بۆچی هێرۆ خان یارمه‌تیی به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌ و پێگه‌ی بافڵ و قوباد تاڵه‌بانی ده‌دات؟ ئایا به‌ شایسته‌ترین کوردیان ده‌زانێت یان ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات و سامانی بنه‌ماڵه‌ی بپارێزێت هه‌ر بۆیه‌ش تا ئه‌و کاته‌ی پرسی کورد له‌سه‌ر میحوه‌ری به‌ره‌ی نوێی تاڵه‌بانی و بارزانی بخوڵێته‌وه‌ کورده‌کان وه‌یشوومه‌یان ده‌بێت و چاره‌نووسیان هیچ باش نابێت.

کوردپرێس: مه‌سعوود بارزانی له‌ ده‌سه‌ڵات کشایه‌وه‌. ڕای به‌ڕێزتان له‌سه‌ر داهاتووی هه‌یکه‌لی سیاسی و ده‌سه‌ڵات پاش ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا چییه‌؟

مایکڵ ڕووبین: پێش هه‌موو شتێک تا ئێستا دیار نییه‌ که‌ بارزانی به‌ ڕاستی پاشه‌کشێ کردبێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌رکرده‌ی باڵای سیاسی چییه‌؟ ئه‌گه‌ر هێشتا بارزانی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆچی ناچێته‌ باشیک و له‌ به‌رانبه‌ر چاوچنۆکی تورکیادا ناوچه‌که‌ بپارێزێت. ئه‌گه‌ر پاشه‌کشێ کردووه‌ بۆچی "سه‌ری ڕه‌ش" به‌جێ ناهێڵێت و وه‌کوو دیکه‌ی کورده‌کان ماڵێک بۆ خۆی ناکڕێت. کۆشکی سه‌ری ڕه‌ش ده‌بێت وه‌کوو شوێنێکی گه‌شتیاری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاووڵاتییان.

به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بارزانی جاروبار نوقم ده‌بێت و دیسانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر کورده‌کان له‌سه‌ر داهاتوویان مکووڕ و جیدین ده‌بێت داوا له‌ بارزانی بکه‌ن به‌رپرسایه‌تیی هه‌ڵه‌کانی وه‌ئه‌ستۆ بگرێت. به‌ ڕێز و شکۆ خۆی خانه‌نشین بکات و ئیزن به‌ به‌ره‌ی نوێ بدات قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌کانی ئه‌و بکه‌نه‌وه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8304

Your Comment

You are replying to: .
captcha