تاكە كارتی كورد بۆ پاراستنی پشكی 17% كشانەوەیە لە بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: نابێت بە هیچ جۆرێک هەرێم سازش لە سەر پشكی 17%ی خۆی لە بودجە بكات و گەر بەغدا سوور بێت لە سەر كەم كردنەوەی ئەو رێژەیە، پێویستە كورد لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا پشكی هەرێم لە 17% بۆ 12.67% كەم كراوەتەوە، لەو بارەوە هوشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان رای گەیاند: ئەگەر لایەنی عێراقی سوور بێت لە سەر كەم كردنەوەی پشكی 17% بە بێ ئەنجامدانی سەرژمێری، پێویستە سەرجەم نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە سەرۆک كۆمار و وەزیرەكان و پەرلەمانتارانەوە لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەو هەنگاوەشی بە تاكە كارتی بەردەستی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ناو برد و وتی: پێویستە هەموو رێگەیێكی یاسایی و مەدەنی بگیرێتە بەر بۆ داكۆكی كردن لە پشكی 17% و ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ 12% كەم بكرێتەوە، لە ساڵانی دواتریشدا بەهەمان شێوە كەم دەبێت بۆیە نابێت بە هیچ جۆرێک لایەنە كوردییەكان سازش لە سەر پشكی 17% بكەن، تا ئەو كاتەی سەرژمێری دانیشتوان دەكرێت.

هوشیار عەبدوڵا ترسی خۆیشی نەشاردەوە لەوەی كە سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم، بەهۆی ئەو دۆخەی دروست بووە، نەزانن ئەم كارتەش بە كار بهێنن.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8287

Your Comment

You are replying to: .
captcha