بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە تەئکید دەکەنەوە ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان روویدا، دەرئەنجامی بە ھەڵە خوێندنەوەی ھاوکێشە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەکان بوو لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسی کوردستانەوە".
لە کۆبوونەوەی مەڵبەندی یەکێتی جەختیش لەوە کرایەوە، دەبێ کارەکتەرەکانی ئەم رووداوانە بچنە ژێر باری ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە و ئاکامەکانی قبووڵ بکەن و داوای لێبوردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن".
ھەروەھا ھاتووە "تەئکید دەکەینەوە ئەوەی لە ماوەی رابردوودا روویدا نەبێتە مایەی لێکترازان و دوور خستنەوەی لایەنە سیاسییەکان بە پێچەوانەوە ببێتە ھۆی یەکڕیزی و یەک گوتاری ناو ماڵی کورد و پەندی لێوەر بگرین، ھەروەک ببێتە فاکتەری ئاسایی بوونەوەی رەوشی ئێستای کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان".
ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، بە پێویستی دەزانن لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک کە بەھەر ھۆکارێک کەرکووکیان جێ ھێشتووە بگەڕێنەوە پارێزگاکەی خۆیان و لەوێوە دەست بە خەباتی مەدەنی و چالاکیی سیاسی بکەن لە سەروویانەوە ئەندامانی ھەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگای کەرکووک.
ھەروەھا ئەوەش ھاتووە، ئێستا بۆشایی ئیداری لە پارێزگاکەدا درووست بووە،"پێویست دەکات ئەو دۆخە تێپەڕێنین، ھەروەک کورد و پێکھاتەکانی تریش لە یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوانیان دڵنیا بکەینەوە".
شایانی باسە رۆژی ١٦ی مانگی رابردوو، ھێزە عێراقییەکان کەرکووکیان کۆنتڕۆڵ کرد و بۆ رۆژێک دواتر کۆنترۆڵی ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیان کرد.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment