بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی: سەرجەم هێزە شیعەکان ڕێککەوتوون بەشە بووجەی هەرێمی کوردستان ١٢ پۆینت ٦٧ بێت لە یاسای بووجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقدا.
ناوبراو وتیشی، تەنها ئەمساڵ هەوڵی کەم کردنەوەی بەشە بووجەی هەرێمی کوردستان نەدراوە، سێ ساڵی ڕابردوو پەرلەمانتارە شیعە و سوننەکان ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ کەم کردنەوەی، بەڵام بە دانووستانی هەموو هێزە کوردییەکان هەڵوەشێنراوەتەوە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕەشنووسی بووجەی ساڵی ٢٠١٨ عێراقدا لە هەر شوێنێک ناوی هەرێمی کوردستان هاتبێت وشەی پارێزگاکانی بۆ زیادکراوە و دەڵێت، ئەوەش ئاماژەیێکی خەتەرناکە کە بەغدا دەیەوێت سیستمی هەرێم وەک هەرێمێکی سیاسی و ئابووری هەڵوەشێنێتەوە و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە کورد بە دانووستان، یان بایکۆت یا خود لە ڕێگەی کەسی سێیەمەوە مافەکانی خۆی بپارێزێت لە پڕۆژە یاسای بووجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقدا.
لە چەند رۆژی رابردوو میدیا عێراقییەکان وێنەی رەشنووسی پرۆژەیاسای بووجەی ٢٠١٨ی عێراقیان بڵاو کردەوە، کە بەپێی پرۆژەیاساکە پشکی هەرێم لە سەدا ١٧ەوە بۆ لەسەدا ١٢ و پۆینت ٦٧ کەم کراوەتەوە و دەستەواژەی حکوومەتی هەرێمی تێدا سڕاوەتەوە.
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment