ئه‌مریکا چۆن پشت له‌ دۆسته‌کانی ده‌کات؟

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مریکییه‌کان وته‌یێکی به‌ناوبانگیان هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت دۆست و دوژمنی هه‌تاهه‌تاییمان نییه‌ به‌ڵکوو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌تاهه‌تاییمان هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ نیو سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ندین جار ئه‌مریکا پشتی له‌ دۆسته‌کانی کردووه‌، له ‌کاتی ته‌نگانه‌دا نه‌ک ته‌نیا نه‌ی­پاراستوون به‌ڵکوو زۆرجار خۆی ڕۆڵی بینیوه‌ له‌وه‌ی دۆسته‌کانی له‌ ده‌سه‌ڵات دوور بخاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی ئه‌و دۆستانه‌ی ئه‌مریکا دوای دوورخستنه‌وه‌یان باسیان له‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئه‌مریکا خیانه‌تی لێ­کردوون.

محه‌مه‌د ڕه‌زا شای ئێران بۆ نزیکه‌ى ٣٠ ساڵ دۆستی ئه‌مریکا بوو، زۆربه‌ی پلانه‌کانی ئه‌مریکای له‌ ناوچه‌که‌دا جێبه‌جێ کرد، رێک ساڵێک به‌ر له‌ ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی ئێران، جیمى کارته‌ر سه‌رۆکی ئه‌وکاته‌ی ئه‌مریکا به‌ شای ئێرانی وت، شای ئێران گه‌وره‌ترین دۆستی ئه‌مریکایه‌ و ئه‌و ڕێزه‌ی بۆ شا هه‌یه‌تی بۆ هیچ سه‌رۆکێکی دیکه‌ی جیهانی نییه‌.

به‌ڵام ساڵێک دواتر که‌ له‌ ئێران شۆڕش کرا ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو شا وه‌ک په‌نابه‌رێکیش وه‌ربگرێت چونکه‌ پێی وابوو بوونی شا له‌ ئه‌مریکا دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکایه‌، ته‌نانه‌ت به‌ پێی هه‌ندێک له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کان له‌ مانگه‌کانی کۆتایی ده‌سه‌ڵاتی شادا ئه‌مریکا له ‌ڕێی جۆراوجۆره‌وه‌ کاری کردووه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات.

په‌روێز موشه‌ره‌ف که‌ له‌ ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٧ سه‌رۆکی پاکستان بوو یه‌کێکی دیکه‌یه‌ له‌ نمونه‌ی ئه‌و دۆستانه‌ی ئه‌مریکا پشتی تێکردن، موشه‌ره‌ف له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا زۆربه‌ی داواکارییه‌کانی ئه‌مریکای جێبه‌جێ کرد، به‌ڵام کاتێک له‌ ساڵی ٢٠٠٧دا له ‌ژێر فشاری ئۆپۆزسیۆندا له‌ ده‌سه‌ڵات دوور خرایه‌وه‌، ئه‌مریکا ئاماده ‌نه‌بوو مافی په‌نابه‌رێتیشی پێ بدات.

ئیدوارد شیڤه‌ردنادزه‌ سه‌رۆکی پێشووی جۆرجیاش دۆستێکی دیکه‌ی ئه‌مریکا بوو، خۆی ده‌ڵێت ئه‌مریکا هه‌ر داوایێکی لێ­کردبێت جێبه‌جێی کردووه‌، له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ ڕووخاندنی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا، له ‌سه‌ر سنووری ڕووسیا سه‌ربازگه‌یێکی بۆ ئه‌مریکا کرده‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووبه‌ڕووی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری بووه‌وه‌ شیڤه‌ردنادزه‌ خۆی ده‌ڵێت باڵیۆزی ئه‌مریکا سه‌ردانی کردووه‌ و پشتگیری لێ کردووه‌ که‌چی کاتژمێرێک دواتر باڵیۆز له‌ به‌رده‌م بینای په‌رله‌ماندا پشتگیری له‌ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر کرد.

حوسنی موباره‌ک سه‌رۆکی پێشووتری میسریش ڕوبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووس بووه‌وه‌، موباره‌ک نزیکه‌ى ٣٠ ساڵ یه‌کێک له‌ دۆسته‌ گه‌وره‌کانی ئه‌مریکا بوو، که‌چی ساڵی ٢٠١١ له‌ کاتی شۆڕشی میسردا ئه‌مریکا پشتی تێکرد و فشاری خسته‌ سه‌ر موباره‌ک بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت، حوسنی موباره‌ک داوای کردبوو له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگدا ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات بکرێت به‌ڵام ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت به‌و داوایه‌شی ڕازی نه‌بوو.

له‌ناو ئه‌و دۆستانه‌ی ئه‌مریکا پشتی تێکردوون مه‌سعوود بارزانی دوایین نمونه‌یه‌، ئه‌مریکا ساڵانێکی دوور و درێژه‌ بارزانی به‌ دۆستێکی نزیکی خۆی داده‌نێت، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆکی هه‌رێمێکی بچووک بوو به‌ڵام له‌ کۆشکی سپیدا وه‌ک سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تێک پێشوازی لێ ده‌کرا، ساڵی ٢٠١٥ دوای ئه‌وه‌ ماوه‌ی ویلایه‌تی بارزانی کۆتایی هات، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌مریکا به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ وازی لێ­نه‌هێنا و وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کرد، که‌چی دوای ئه‌وه‌ی بارزانی وه‌ڵامی داواکاری ئه‌مریکای نه‌دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجام نه‌دان یان دواخستنی ڕیفراندۆم ئه‌مریکا وازی لێ­هێنا و پێشوازی له‌ ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی کرد.

ئه‌م نموونانه‌ و چه‌ندین نموونه‌ی دیکه‌ش هه‌ن که‌ ئه‌مریکا له‌ دوا ساته‌کانیشدا بێت پشتی له‌ دۆسته‌کانی کردووه‌، له‌ هه‌مووشیاندا ئه‌مریکا به‌ چه‌ند هۆکارێک پشتی تێکردوون:

یه‌که‌م: هه‌ندێک له‌و دۆستانه‌ له‌ کۆتاییی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یاندا له‌خۆبایی بوون و وه‌ڵامی داواکارییه‌کانی ئه‌مریکایان نه‌داوه‌ته‌وه‌، وه‌ک شای ئێران و له‌م دواییانه‌شدا بارزانی.

دووه‌م: هه‌ندێکی دیکه‌یان ڕوبه‌ڕووی ناڕه‌زاییی گه‌لانی خۆیان بوونه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ چاوی دوژمن سه‌یری ئه‌مریکا نه‌که‌ن پشتی تێکردوون، له‌وانه‌ حوسنی موباره‌ک و په‌روێز موشه‌ره‌ف و ئیدوارد شیڤه‌ردنادزه‌، بارزانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌ڕووى ناڕه‌زایىی جه‌ماوه‌رى بووه‌ته‌وه‌.

سێیه‌م: ستراتیژی ئه‌مریکا پێچه‌وانه‌ی ڕووسیا و ئێران و هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌یه‌ و پێیانوایه‌ ده‌بێت دۆستایه‌تیی وڵاته‌کان بکه‌ن نه‌ک سه‌رۆکه‌کان، هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ دوای ڕۆیشتنی هه‌ر سه‌رۆکێک دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا به‌رده‌وام بێت، وه‌ک چۆن له‌ دوای ڕۆیشتنی موباره‌ک و په‌روێز موشه‌ره‌ف په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ پاراست.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8196

Your Comment

You are replying to: .
captcha