به‌غدا: ئاگامان له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنی دژ به‌ ڕیفراندۆم له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئاگای له‌وه‌ نییه‌ که‌ فڕۆکه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق له‌ ئاسمانی ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کاندا ڕاگه‌یاندنی دژ به‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستانیان بڵاو کردبێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عد حه‌دیسی له‌ لێدوانێک بۆ هه‌واڵده‌ریی "عین العراق نیوز" ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ نین که‌ فڕۆکه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق ڕاگه‌یاندنی دژ به‌ ڕیفراندۆمیان له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان بڵاو کردبێته‌وه‌ چوونکه‌ ئه‌و فڕۆکانه‌ ته‌نیا ئه‌و ڕاگه‌یێندراوانه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ بریتین له‌ ڕێنمایی و هه‌ندێ زانیاری و داتا بۆ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ که‌ له‌گه‌ڵ گرووپی داعشدا خه‌ریکی شه‌ڕن.

حه‌دیسی پاشان وتیشی: فڕۆکه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا ده‌ستیان داوه‌ته‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی تاقمێک ڕاگه‌یێندراو له‌ ئاسمانی شاری حه‌ویجه‌ له‌ باشووری ڕۆژئاوای که‌رکووک که‌ بریتی بووه‌ له‌ زانیاری و ڕێنمایی بۆ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی گیانی خۆیان.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید"ی له‌نده‌ن پێشتر له‌مه‌ باسی له‌وه‌ کردبوو که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ڕاگه‌یێندراوی دژ به‌ ڕیفراندۆم له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کاندا بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ش کاردانه‌وه‌ و دژه‌هێرشی خۆی هه‌مبه‌ر گشتپرسیی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێکردووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8089

Your Comment

You are replying to: .
captcha