یەکەم فێستیڤاڵی نمایش کردنی گوێزی ھەورامان بەڕێوە دەچێت

بەشی ئێران/کوردی- یەکەم فێستیڤاڵی گوێز لە سەوڵئاوای سەر بە شاری مەریوان، لە پارێزگای کوردستان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیار وایە ڕۆژی چوارشەممە 15ی خەرمانان، یەکەم فێستیڤاڵی گوێز لە سەوڵئاوای سەر بە شاری مەریوان بەڕێوە بچێت.

مەجید قاسمی نەژاد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەوڵئاوا لەم بارەیەوە ڕای­گەیاند: "ھەورامان خاوەن باشترین جۆرەکانی گوێزە لە کوردستان، چەندین جۆر شیرینی و خواردنی تایبەت بە گوێز لەم ناوچەیە دروست دەکرێت، بۆیە دەبێت خەڵکی شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش، لە سوودەکانی گوێزی ھەورامان ئاگادار بکرێنەوە، کە بە شێوەی سروشتی و دوور لە پەیینی کیمیایی، بەرھەم دێت".

قاسمی نەژاد گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی فێستیڤاڵەکە، گەشەپێدانی کولتووری باخەوانی و ناردنی بەرھەمە گوێزییەکانە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، ھەروەھا دەستنیشان کردنی کێشەکانی بەردەم باخەوانەکانە لە ھەورامان".

بەرێوەبەری کشتوکاڵی قەزای سەوڵئاوا باسی لەوەش کرد، کە لە فێستیڤاڵەکەدا ھەرچی دارە گوێزی کۆن و بە تەمەن ھەیە تۆماری دەکەن و ئیدارەی کشتوکاڵ ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت.

سەوڵئاوا شارۆچکەیێکی نزیک لە مەریوانە، بە گوێرەی ئاماری فەرمیی ئیدارەی کشتوکاڵی قەزای سەوڵئاوا، ساڵی پار تەنیا لەو شارە، زیاتر لە شەش ھەزار تۆن گوێز بەرھەم ھاتووە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8052

Your Comment

You are replying to: .
captcha