مەسروور بارزانی: بەردەوام کارمان کردووە بۆ پەیوەندیی باشتر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمڕۆ چوارشەممە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیێکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

بارزانی وتیشی: بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسی کردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بە کارنامەی حکوومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیاد کردنی سەرچاوەکانی داهات و کەم کردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاری کردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.

ناوبراو گوتیشی هەموو هەوڵێکمان خستووەتە گەڕ لە پێناو دابین کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوام بوونی هاریکاری کردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 804

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha