رۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمزی ئه‌مه‌ریکی سه‌روتاری خۆی ته‌رخان کرد بە پرسی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان و تێیدا باسی له‌وه کردووە، ڕیفراندۆم ده‌بێته هۆی زیادبوونی بارگرژییه‌کان له‌ناوچه‌یه‌ک که شڵه‌ژاوه به هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له دژی داعش و مه‌ترسی ده‌بێت بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق، بۆیه دواخستنی ڕیفراندۆم بژارده‌یه‌کی باشتره.
له وتاره‌دا هاتووە: کوردەکانی هەرێم، دوای په‌رۆشییه‌کی زۆری چه‌ندین نه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بڕیاری ههنگاوێکی گرنگی داوه به‌م ئاڕاسته‌یه که سه‌ربه‌خۆییه‌کی نامولزهمه و بڕیاره له 25ی سێپتێمبێر به‌ڕێوه بچێت. ڕاپرسییه‌که، که بۆ دیاریکردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌بێته‌هۆی زیادبوونی بارگرژیه‌کان له ناوچه‌یه‌ک که شڵه‌ژاوه به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له دژی داعش و مه‌ترسی ده‌بێت بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق. دواخستنی ڕیفراندۆم بژارده‌یه‌کی باشتره.
سه‌ربه‌خۆیی، له‌کۆمه‌ڵێک ڕووه‌وه ههنگاوێکی لۆژیکییه بۆ پێنج ملێون کورد که له‌دوای شه‌ڕی ساڵی 1991ی که‌نداو توانیان حوکمێکی نیمچه سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنن. ئێستا که هێزه کوردییه‌کان ڕۆلێکی گرنگیان گێڕاوه له تێکشکاندنی داعش، کورد پێی وایه ڕاسپێردراوه بۆ ئه‌م به‌ڵێنه له‌مێژینه‌ی ڕیفراندۆم.
کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک توانیویه‌تی ببێت به هه‌رێمێکی ئارام. مایه‌ی به‌ختێکی باشه که توانیویه‌تی ده‌رگای بازرگانی سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و گاز به‌ڕووی تورکیا و ئێران‌دا بکاته‌وه و داهاتی خۆی هه‌بێت. دوای داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و له‌ساڵی 2003، واشنتۆن کاری له‌سه‌ر داڕشتنی ده‌ستوورێک کرد که دڵنیایی نیمچه سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات.
چه‌ندین کێشه‌ی جدیی هه‌ن. هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌ستیان به سه‌ر سیاسه‌تدا گرتووه، گه‌نده‌ڵی له ئاستێکی فراواندایه. به‌هۆی بوونی ناکۆکییه سیاسییه‌کان په‌رله‌مانی کوردستان له ئاکتەوبهری 2015ه‌وه کۆنه‌بووه‌ته‌وه و مه‌سعوود بارزانی سه‌ره‌ڕای کۆتایی هاتنی واده‌که‌ی، له پۆسته‌که‌یدا ماوه‌ته‌وه.
بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت، و بەردەوامی ناکۆکییەکانی لە گەڵ حکوومەتی ناوەندیدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەرزی لەسەر کەڵەکەبووە، بەرپرسانی کورد تاوانبارکراون بە جیاوازیکردن بەرامبەر نەتەوە کەمایەتییەکان، ئایا کوردستان دەتوانێت ببێت بەم دەوڵەتە سەربەخۆیە کە نەیاری دەوڵەتانی دراوسێی بێت؟
لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە کورد داوای سەربەخۆیی کردووە، لەکاتێکدا کە دەستووری عێراق گەڕەنتی ھەبوونی ڕۆڵی کورد لە حکوومەتی فیدڕاڵی‌دا کردووە، و ھەرێمی سەربەخۆیی پێ بەخشیون، کوردەکان پێیان وانییە کە زۆرینەی شیعە پشکی خۆیانیان پێ دابن، بەڵام ڕیفراندۆم گرژییەکان زیاتر دەکات و جێگیری عێراق قورس‌تر دەکات و سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگۆڕێت کە پێی وایە عێراق و ھاوبەشەکانی بەیەکەوە کاردەکەن بۆ شکستپێھێنانی داعش و بنیادنانەوەی کۆمەڵگا عێراقییەکان.
بەرپرسانی تورکیا لەم دواییەدا هۆشداریان داوە کە ئەو ڕیفراندۆمە یارمەتیی ناسەقامگیریی ناوچە دەدات و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕیفراندۆمی هەرێمی بە "نایاسایی" ناوبرد، چونکا بە پێی دەستووری عێراق و بەڵێنیی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق نییە. لەمناوە خاڵی بە ئازار ئەوەیە کە سنوورەکانی ڕیفراندۆم وەک کەرکووک کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی کورد دایە، دەگرێتەوە.
ئەمەریکا و ئەوروپا داوایان لە کورد کردووە کە ڕیفراندۆم دوا بخەن بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لە وەڵامدا مەسعود بارزانی گەڕەنتی داوە کە دوای ڕاپرسییەکە ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕاناگەیێندرێت، بەڵکوو بۆ جیابوونەوە گفتوگۆیەکی درێژ دەکات لەگەڵ بەغدا، لێرەدا دەردەکەوێت کە دواخستن بژاردەیەکی باشترە، جیابوونەوەی کورد زیانبەخشە، بەبێ ئامادەکاریی پێویست، دەبێتە ھۆی زیاتر پەراوێزخستنی کەمینەی سوننیەکان کە پێشتر بێ بەشکراون لە لایەن زۆرینەی شیعەکان و دەبێتە نێچیرێک بۆ توندڕەوی وەکو داعش.
رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی کورد بە ڕۆیتێرزی وت کە مومکینە کوردەکان لە بری وەرگرتنی ئیمتیازگەلێک لە بەغدا، ڕیفراندۆمەکەیان دوا دەخەن.
ئەگەرچی بڕیاری سەربەخۆیی ئامانجێکی ڕەوایە، بەڵام دەنگدان بۆ سەربەخۆیی بە تەنھا گەڕەنتی نادات کە ھەر دەوڵەتێک دەرکەوت بە باشی یا بە دادپەروەری بەڕێوە بچێت، کارێکی پێویستە بۆ کورد کە سەرکردەکانیان پێشەکی ھەوڵی جیدی بدەن بۆ ئەوەی کە دامەزراوە دیموکراتییەکانی کارا بکەن، و ئابووریەکی بە ھێز دەستەبەر بکەن و پشتیوانی عێراق و وڵاتانی دیکە بەدەستبھێنن، بەرلەوەی لە پێناو سەربەخۆییدا هەوڵ بدەن.
سەرچاوە: نیۆیۆرک تایمز
وەرگێران: هەواڵدەریی کوردپرێس/ بەشی نێودەوڵەتی و کوردی
کۆدی هەواڵنێر: 60106
Your Comment