مەسعوود بارزانی دۆخی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا هەڵدەسەنگێنێت

بەشی سووریا- مەسعوود بارزانی دەڵێت چارەسەر کردنی پرسی کورد لە ڕێگای شەڕەوە نامومکینە بەڵکوو ڕێگاچارەی ئەم پرسە لە هەنگاوی کردەیی و ئامانجی هاوبەش و ڕێگای ناسەربازیدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌میانه‌ی چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیته‌ری ئه‌مریکی، سەبارەت بە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، ئەم پرسە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە لە رابردوودا لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە، من ناڵێم بڕیاری بوودجە لە سەدا سەد بە دڵی ئێمەیە، بەڵام بڕوام وایە هەنگاوێکی ئەرێنییە.

هه‌روه‌ها مەسعوود بارزانی گوتی: "لە 2007ـه‌وه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای نەوت لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا خۆیان لەم پرسە دزیوەتەوە و تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام، بەڵام لەگەڵ ئەم کەشە ئەرێنییە ئێستا هاتۆتە پێش، بڕواموایە کەشێکی لەباردەبێت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای نەوت و پرسە یاسا هەڵپەسێردراوەکانی دیکە."

له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا مەسعوود بارزانی گوتی: "دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، ئەگەرنا دامەزراوەکانی حکوومەت یاسایی خۆیان لەدەست دەدەن."

ناوبراو ده‌شڵێت: "گەشبینم بە کۆبوونەوەی حزبەکان لە پەرلەمان رۆژی دووشەممە بۆ قسەکردن لەسەر پرسەکان".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتیشی کرده‌وه‌، "هیچ بژاردەیەک، بیانوویەک و هۆکارێک بۆ دواخستی هەڵبژاردنەکان نییە. ئەگەر هەر حزبێکی سیاسی هەوڵی دروست کردنی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکان بدات، ئەوا خۆیان تووشی دابڕان دەکەن. هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت."

له‌باره‌ی گرنگیی ناوچەکە بۆ ئەم‌ریکا، مەسعوود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، رەنگە پرسە لەپێشینەییە هەنووکەییەکانی ئەمریکا گۆڕابن، کە چین و ئۆکرانیا لە سەرووی ئەجێندای ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتەدابن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت ئەمریکا شتەکان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەند وەرناگرێت."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ناتوانیت دۆخی ئێستا لەگەڵ دۆخی سەردەمانی پێشوو بەراوردبکەین، بەڵام ئەمریکا هێشتا بە گرنگییەوە لە ناوچەکە دەڕوانێت".

بارزانی گوتیشی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە دۆستێکی باشی ئێمەیە، هەفتەی رابردوو سەردانی عێراقی کرد.

بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئۆستن جەختی کردەوە، ئەمریکا گرنگی بە ناوچەکە دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوام دەبێت".

له‌باره‌ی داعشه‌وه‌ مەسعوود بارزانی هۆشداریدا که‌ هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە.

له‌باره‌ی رێککەوتنی ئێران و سعوودیە، مەسعوود بارزانی به‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیته‌ری راگه‌یاند: "ئێمە حەز ناکەین هیچ گرژییەک لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا ببینین، ئێران و سعوودیە دوو دەوڵەتی گرنگی ناوچەکەن."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "ئێران دراوسێی ئێمەیە، نامانەوێت هیچ گرژییەکمان لەگەڵیاندا هەبێت و دەخوازین پەیوەندییەکی هەتا بکرێت ئاساییمان هەبێت، ئێمە بەشێکنین لە ناکۆکییەکان و یەکلایی کردنەوەی پرسەکان لەگەڵ ئێران، ئێمە رێگە نادەین خاکەکەمان ببێتە بنکەیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دراوسێکانمان".

سەبارەت بە رۆڵی چین لە ناوچەکە بارزانی گوتی: "ئەوان بە بێدەنگی کاریان کرووە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانەی هەبوونە پڕیان بکەنەوە".

له‌باره‌ی پرسی سووریاوه‌ مەسعوود بارزانی گوتی: "لە 2011 ەوە سووریا بە دۆخی شەڕ و ئاژاوەدا تێدەپەڕێت، کە بووەتە هۆی کوشتن، ئاوارەیی، پەنابەریی و وێرانکاری گشتی، لەگەڵ ئەوەش هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چی روودەدات، نییە".

بارزانی ده‌شڵێت: "بژاردەی جێگرەوەی حکوومەتی سووریا کێییە؟ هیچ وەڵامێکی روون و سیاسەتێکی ڕوون نییە بۆ داهاتووی سووریا".

News Code 7855

Your Comment

You are replying to: .
captcha