بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی كوردستان بە درەو میدیای ڕاگەیاندووە:" بارزانی گومانی لە چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە"، بەڵام یەكێتیی تێوەگلانی لە ھەوڵێکی لەوجۆرە بەتوندی رەت دەكاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد "مەسعوود بارزانی تووڕە و نیگەرانە لە یەکێتیی، ئەمە ھۆکارەکەیە کە ئێستا نایەوێت سەركردەكانی یەكێتیی ببینێت".
بەپێی ئەوەی بەرپرسەکەی پارتی ، ھەوڵەکە بۆ کوشتنی "وەیسی بارزانی" کوڕی مەسعوود بارزانی بووە، ئەو کەسەی ئەرکی کوشتنەکەی پێسپێردراوە کارمەندێکی دەزگای دژەتیرۆری پارتی بووە و ئێستا دەستگیر کراوە، تەواوی بەڵگە و ڤیدیۆکانی ئەم کەیسە خراوەتە بەردەم مەسعوود بارزانی.
لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی کە درەو میدیا قسەی لەگەڵدا کردووە، باس لەوە دەکات، ئەو بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێتییەوە دوورە و بەپێچەوانەوە یەکێتیی ھەمیشە ھەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانیدا ئاسایی بێت.
تا ئەم دواییەش بە گوێرەی لێدوان و قسەی بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب بە تایبەتیش مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وا دەركەوت كە كرۆكی كێشەكان پەیوەندی بە كوشتنی هاوكارجافەوە هەیە، بەڵام لەم دواییە كێشەكان سەریان كێشا بۆ ووروژاندنی پرسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەلایەن دادگایەكی هەولێرەوە و ناكۆكی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەسەر پرسی داڕشتنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ و كشانەوەی تیمی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران .
Your Comment