کۆبوونەوەکانی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەرگا بۆ کۆبوونەوەی ئۆرگانەکانی دیکەی هەردوو حیزب دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی بە "گرنگ" دەزانێت و دەڵێت، دەرگا بۆ کۆبوونەوەی ئۆرگانەکانی دیکەی هەردوو حیزب دەکاتەوە و رێگەیەکە بۆ چارەسەری کێشەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و هەنگاوەکانی چارەسەری کێشەکان کرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "یەکێتی و پارتی و لایەنەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە کار بە تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پێشووی عێراق بکرێت، لەسەر کاتی هەڵبژاردنیش کێشەی گەورەیان نییە، بەڵام گرفتی سەرەکیی یەکێتی لەسەر کورسی پێکهاتەکانە، یەکێتی پێیوایە ئەو 11 کورسییە لەسەر سینییەکی زیڕین پێشکێش بە لایەنێک کراوە". بۆیە داوا دەکات "پێکهاتەکان بە دەنگی خۆیان ببنە ئەندامی پەرلەمان نەک کورسی تایبەتییان بۆ تەرخان بکرێت، یان شێوازێکی بەشدارییان بۆ بدۆزرێتەوە کە نەکەونە خزمەتی هیچ لایەنێک و خزمەت بە خۆیان بکەن."

بەپێی ئەو یاسایەی ساڵی رابردوو لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو و تەمەنی ئەو خولەی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "بۆ یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکەش هیچ شتێک جێگرەوەی هەڵبژاردن نییە، هەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانییە و هەر دەبێت بکرێت"، بەڵام گوتیشی: "نابێت هەڵبژاردن بەخواست و ئەو شێوازەبێت کە هەمووان پشتیوانی نەکەن."

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی نزیکەی 10 مانگە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە، هەریەک لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ ماوەی چوار مانگە لە پەرلەمان کشاونەتەوە و فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریش بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، هەروەها پەرلەمانتارانی یەکگرتووی ئیسلامی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، بایکۆتکردنی حکومەت و پەرلەمان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە "کارێکی ئاسایی نییە"، دەشڵێت: "مادام پارتی خۆی بە خاوەنی 45 کورسی و گەورەترین پارتی کوردستان دەزانێت پێویستە سەردانی لایەنەکان بکات و کێشەکان چارەسەر بکات".

سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت: "کێشەکانی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتی گەورەترن لەو کێشانەی پێشووتر هەبوون، زۆرجار کە کێشەش دەکەوتە نێوان یەکێتی و پارتی، مام جەلال و کاک مەسعود راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان دەکرد و چارەسەریان دەکرد، ئێستاش پێویستە هەمان شت بکرێت." دەشڵێت: ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیی نییە، بەڵام ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی ماون، هۆکاری مانەوەی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیش بۆ بەرچاوتەنگی بەشێک لە بەرپرسەکان دەگەڕێنێتەوە کە پێیانوایە سوودمەندن لە دوو ئیدارەیی.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکەی و پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی، کە رایگەیاندبوو، وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، گوتی ئەوە کێشەی ناوخۆی یەکێتییە و لە ئۆرگانەکانی ناو یەکێتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

لەبارەی دەستبەکاربوونەوەی لاهوور شێخ جەنگیش وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "من کەسە گونجاوەکە نیم، کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە یان لە بافڵ تاڵەبانی بپرسن یاخود لە لاهوور شێخ جەنگی".

News Code 7785

Your Comment

You are replying to: .
captcha