زۆریی کەمپی ئاوارەکان بارگرانیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە نێوەڕاستی ئەمساڵدا کەمپی ئاوارەکان یەکدەخەن و ژمارەی کەمپەکان کەم دەکرێنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: زۆریی کەمپی ئاوارەکان بارگرانیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بۆیە بڕیاریان داوە کەمپەکان کەم بکەنەوە و خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ دابین بکەن.

بە گوتەی حوسێن کەلاری، خەرجیی رۆژانەی هەر ئاوارەیەک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دوو تاوەکوو سێ دۆلار لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت و رۆژانەش خەرجیی سەرجەم ئاوارەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیوایە "حکوومەتی عێراق کەمترین هاوکاری پێشکێش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ خەرجیی ئاوارەکان" و دەشڵێت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کۆمەکەکانیان کەم کردووەتەوە و دەڵێن: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستی بە کۆمەکی خێرخوازیی نییە.

لەبارەی گەڕانەوەی هەزار و 637 ئاوارە لە کەمپەکانی ئاشتی و ناوەندی پارێزگای سلێمانی، حوسێن کەلاری دەڵێت: ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و جارێ ئاوارەکان بە نیازی گەڕانەوە نین، بەڵام لە پلانیاندایە ژمارەی کەمپەکان کەم بکەنەوە.

بە گوتەی حوسێن کەلاری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانە، بەڵام لیژنەی تایبەت هەیە و بەردەوام ناوی ئەو ئاوارانە تۆمار دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی 36 کەمپی ئاوارە هەن، بەڵام 74٪ی ئاوارەکان لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن.

News Code 7780

Your Comment

You are replying to: .
captcha