بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەفیق ساڵحی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پهرلهمانى عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگهیاند: "عێراق بەدەست قەیرانێکی ڕاستەقینەی بێئاوییەوە دەناڵێنێت، لەبەرئەوەی ئەو بەشە ئاوەی بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی بەریدەکەوێت لێی زەوت کراوە، ئەوەشی دۆخەکەی سەخت کردوە بریتییە لە دروست کردنی چەندین بەنداوی بچووک و مامناوەند لەلایەن حکوومەتی هەرێم لەدەرەوەی پلانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابەش کردنی ئاو بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەرتاسەری عێراقدا".
ساڵحی هەروەک وتوویەتی: "دروست کردنی بەنداو ئەرکی حکوومەتی ناوەندییە و هیچ پارێزگا یان هەرێمێک مافی دروست کردنی بەنداوی لەدەرهوەی پلانەکانی حکوومەتی فیدراڵی نییە، بۆ ئەوەش داوای لە حکوومەت و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی بەغدا کردووە بۆ ڕێگری کردن لە حکوومەتی هەرێم لە دروست کردنی بەنداوی بچووک و مامناوەندی نوێ دەستتێوەردان بکەن، بەوپێیەی کارەساتی ئاوییان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لێدەکەوێتەوە، ئەوە جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر پلانی کشتوکاڵی و بەهەدەردانی سامانی ئاژەڵیی و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراکیی لە عێراقدا".
لەماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای "پاوەر چاینا"ی چینی واژۆ کردوە بۆ دروستکردنی چوار بەنداو لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
Your Comment