کوردپرێس:
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی لە دیدارێکدا لەگەڵ کلاوس شتڕایشەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا تاوتوێی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم کرد و رایگەیاند: "پێویستە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێز بێت لەئاست ئاڵنگارییەکان".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی وتی: "بژاردەی یەکەم و کۆتاییمان رێککەوتنێکی گشتیگیر و درێژخایەنە و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراق و کوردستاندایە".
قوباد تاڵەبانی وێڕای باسکردنی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی، رایگەیاند، "نابێت رێگە بدرێت ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی ببێت".
هەر لەبارەی دۆخی هەرێمەوە، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد: "پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و زیاتر دوا نەکەوێت، لەگەڵ ئەوەش گرنگە پێشتر گرفت و بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد چارەسەربکرێن بۆئەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە هەڵبژاردن بەرز ببێتەوە".
Your Comment