بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد هادی، رێکخەری مرۆیی هەرێمیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە 280 بارهەڵگر هاوکارییان گەیاندووەتە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی لە سووریا.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەش کرد سەرەڕای زیادکردنی هاوکارییەکان، هێشتا ناتوانن تەواوی پێداویستییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین بکەن.
لە دوای بوومەلەرزەکەی سەرەتای ئەم مانگە کە ناوچەیەکی فراوانی سووریای گرتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 7ی شوباتەوە دەستی بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان کرد و دواتریش گوشاری خستەسەر حکومەتی سووریا چەند دەروازەیەکی دیکە سنووری بکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ئاشکراکردووە، ئێستا لە سێ دەروازەی سنووری (بابولهەوا، بابولسەلامە و راعی)، لە باکووری رۆژئاوای سووریا، هاوکارییەکان دەگەیێنن کە خۆیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو خۆراک، دەرمان بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندە و خێوەت دەبینێتەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەنتۆنیۆ گوتەریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 400 ملیۆن دۆلاری لە وڵاتان کرد بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی سووریا بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا. لەو ناوچانە چوار ملیۆن کەس چاویان لە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بەشی سووریا- رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆ دابین کردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، بڕیاریان داوە رۆژانە 40 بارهەڵگر هاوکاریی بگەیێننە ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریان.
News Code 7747
Your Comment