بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنفرانسی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ ئامار و رووداوەکانی توندوتیژی دژ بە رۆژنامەنوسان ڕایگەیاند: بەداخەوە دۆخەکەمان بەجۆرێکە لە هەموو بوارەکان هەموو ساڵێک دەڵێین خۆزگەمان بە پار، هیچ یەکێک لەو هۆکارانە پاساو نییە، کە ئازادی ڕادەربرین و کاری میدیایی کاری یاسایی لێهەڵگیرێت، کە بابەتێکی دەستووری و نێودەوڵەتییە و کاری لەسەر کراوە.
ناوبراو وتیشی، میدیای ئەهلی و ئازاد لە پاشەکشەدایە و ئەوکات سێکتەرەکانی ژیانیش دەکەونە پاشەکشێ، ئێستا میدیای کڕدراو لە برەودایە و ئەوەش ئەو میدیایەیە لەناو میدیای ئەلیکترۆنی بە پارەی گەندەڵ و دزراو کار دەکات و پەیام ئاڕاستە دەکات و لە میدیای ئازاد زاڵترە، خەریکە دەبێتە نەریت و کاردانەوەش دروست دەکات.
ڕێواز فایەق ئاشکراشی کرد، داوا دەکەم لێکۆڵینەوەیێکی میدیای ئازاد بکەن، بزانن میدیای سیاسیە گەندەڵەکان زاڵتر و بەهێزترن یان میدیای ئازاد.
سەرۆکی پەرلەمان ڕوونیشی کردەوە، سەرۆکەکانی پەڕلەمان لە پێش ئێمە خۆشبەخت بوون، سیاسی بوون، بەڵام یاسایی نەبوون، کە سیاسی بیت و یاسایی بێت بچیتە نێو دامەزراوەکانی هەرێم دەزانێت ئێمە لەناو مەترسییەکداین، لەناو نووسینی دژ بە یەکداین و لەناو دەیان ڕێنماییداین، کە پێچەوانەی یاسان.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا پڕۆژەیێکی مەترسیدار لە عێراق هەیە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، کە پڕۆژە یاسای تاوانی ئەلیکترۆنییە، ئێمە ئەوەمان دەزانی ویستمان یاسایێکمان هەبێت لە هەرێم بۆ ئەوەی ئەگەر لە عێراق یاساکە دەرچووە ئەوە نەسەپێنن بەسەرماندا، چوونکە مەترسییەکانی ئەو یاسایە ئێمە دەزانین چەندە مەترسیدارە لەسەر ئازادی و کاری میدیایی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment