خولووسی ئاکار: ئه‌گه‌ر هاوکارییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارام به‌ڕێوه‌ نه‌چوو ئه‌وا به‌ ته‌نها کاره‌کانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین

به‌شی تورکیا- وه‌زیری به‌رگریی تورکیا ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کرد و گوتی: دوای دروست كردنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئاره‌زوو ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام بده‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كارانه‌ ئاوا به‌ڕێوه‌ نه‌چوون ئه‌وا به‌ ته‌نها كاره‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خولووسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی تورکیا که‌ سه‌ردانی قێبرسی باکووری کردووه‌ له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌ مه‌سه‌له‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کرد و ڕای‌گه‌یاند: ده‌مانهه‌وێت ئه‌و چه‌کانه کۆ بکرێته‌وه‌ که‌‌ ڕاده‌ستی تیرۆریستانی ناوچه‌که‌ کراوه‌. ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی ئێمه‌یه‌. هه‌ندێک کاتمان داناوه‌ چوونکه‌ له ‌ئه‌زموونه‌کانی پێشوومانه‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ هه‌ندێک دواکه‌وتن هه‌یه‌. هه‌ندێکیان ماونه‌ته‌وه‌. قبووڵی ناکه‌ین ئه‌مانه‌ ببینینه‌وه‌، ئیتر ته‌حه‌مولی ئه‌مانه‌مان نه‌ماوه‌، هه‌رچییێک ده‌که‌ن ده‌بێت داخل به‌ پرۆگرامێک بکرێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌دا باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بۆ دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا له ‌ماوه‌یێکی زۆر نزیکدا ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ده‌که‌نه‌وه و زیادی کرد: به‌ ڕوونی به‌ وه‌فدی سه‌ربازیی ئه‌مریکامان گوت که‌ هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌ دروست بوونی ڕێڕه‌وێكی تیرۆر ناده‌ین له‌ باشووری سنووری وڵاته‌كه‌مان. له‌و پێناوه‌شدا چیمان له‌ده‌ست بێت ده‌یكه‌ین. به‌ لایه‌نی به‌رامبه‌رمان گوتووه‌ هه‌ر چۆنێک بێت پێویسته‌ قووڵاییی ناوچه‌ی ئارام 30-40 بێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌نگاوگه‌لێک ده‌كه‌ین. كۆنتڕۆڵی كایه‌ی ئاسمانی و هه‌ماهه‌نگی له‌وێ زۆر گرنگه‌. به‌ره‌وپێشچوونی باش ڕووی داوه‌. دوای دروست كردنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به‌ شێوه‌یێكی گونجاو له‌گه‌ڵ هاوبه‌شی ستراتێژی و ڕۆحیه‌تی هاوپه‌یمانیدا به‌رده‌وام ده‌بین له ‌به‌ره‌وپێشبردنی به‌ڵام بۆ خۆمان پلانی B و پلانیC مان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ وه‌ک خۆی به‌ڕێوه ‌نه‌چوو".

خولووسی ئاکار جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کانیشدا قسه‌یان کردووه‌ ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ سوورییه‌کانی نێو تورکیا بۆ ناوچه‌ی داماڵراو له‌ تیرۆر که‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش به ‌ڕێژه‌یێکی به‌رچاو لێکتێگه‌یشتن هه‌یه‌.

ئاكار ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان پابه‌ند نه‌بن به‌و ئامانجه‌ كرده‌ییانه‌ی دیاری كراون ئه‌وا مافی ئه‌وه‌یان ده‌بێت به‌ ته‌نها بكه‌ونه‌ جموجۆڵ و گوتی: "هیوادارین ئه‌مریكای هاوپه‌یمانمان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویانه‌ له‌گه‌ڵمان بن له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌كه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر جۆرێک كه‌موكوڕییێک بێته‌ پێش ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێ كردنی پرۆسه‌كه‌. به‌ سه‌رۆكی شاندی سه‌ربازی ئه‌مریكامان گوت كه‌ پێویسته‌ به‌په‌له‌ پشتیوانیی سه‌ربازی بۆ یه‌په‌گه‌ كۆتایی پێ بهێندرێت چوونكه‌ هیچ جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75662

Your Comment

You are replying to: .
captcha