کوردپرێس:
ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی "سەرجەم فەرمانگەكان پلان و بەرنامەی خۆیان هەیە و چەند رۆژێكە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت و ئاسایشی ئابوری و تەندروستی سەردانی ناوبازاڕیان كردووە، ئەوەش بەمەبەستی دیاریكردنی نرخ و دڵنیابوون بووە لە كوالێتی كاڵاكان، كە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیانەوە".
وتیشی "یەكەم رۆژی جەژن هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی زۆر سەردانی گۆڕستانەكان دەكەن بەو مەبەستەش شارەوانی گۆڕستانەكان پاكدەكەنەوە و چەند بەربەستێكی بەردین دادەنرێن بۆ ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و پاراستنی رێوشوێنی ئەمنی لەو شوێنانەدا".
سەبارەت بە رێژەی گەشتیاران لە وەرزی هاوین و گرنگیدان بە ناوچە گەشتیاریەكان، عەلی رەئوف وتی "لە ماوەی هەفتەیەكدا لە رۆژانی جەژن ئامار وەردەگیرێت بەمەبەستی زانینی هاتنی گەشتیاران بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی ئەوكات دەزانرێت چەند گەشتیار رووی لە شارەكە كردوە، بەڵام لە شەش مانگی ئەمساڵدا رێژەی گەشتیاران گەیشتۆتە 825 هەزار گەشتیار".
سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ شوێنە گەشتیاری و هۆتێل و رێستۆرانتەكانیش، عەلی رەئوف بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسەكەدا ئاماژەی بەوەدا، لەناوەندی شاری سلێمانی سەنتەرێكی رێبەری هەیە بۆ گەشتیاران و پێویستە گەشتیاران بەهیچ شێوەیەك روونەكەنە ئەو شوێنانەی گونجاو نین بۆ مەلەكردن و سەرجەم هۆتێل و مۆتێلەكانیش ئامادەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و رەچاوی نرخیش كراوە لەپێناو راكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بۆ پارێزگای سلێمانی.
سەبارەت بە سەیرانگای گۆلێ-ی گەشتیاری لەناوچەی پێنجوێنیش رونیكردەوە، لەقۆناغی یەكەمدا خزمەتگوزاری سەرەتایی بەبڕی 41 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە بەمەبەستی دانانی چەند سێتێكی WCو دروستكردنی چەند قادرمەیەك بۆ كارئاسانی گەشتیاران بۆ هاتوچۆی ئەو شوێنەو چاومان لەسەرێتی بۆ ئەوەی پرۆژەی گەورەتری بۆ ئەنجامبدەین.
لەلایەكی دیكەوە عەتا پێنجوێنی جێگری لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی كوردستان لەپرێس كۆنفرانسەكەدا داوای لە هاووڵاتیان كرد لەكاتی قوربانیكردندا رەچاوی بواری تەندروستی و پاكوخاوێنی ژینگەی وڵاتەكەیان بكەن.
Your Comment