کوردپرێس: پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، ئاوارەبوونی زیاتر لە 360 هەزار كوردی ئێزدی لێكەوتەوە كە ژمارەیێكی زۆریان روویان لە پارێزگای دهۆک كرد، پاشان دەیان هەزاریان بە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكادا بڵاو بوونەوە.
رۆژی سێی ئەم مانگە پێنج ساڵ بەسەر پەلامارەكەی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری تێپەڕی كە بەهۆیەوە نزیكەی 6500 كوردی ئێزدی كەوتنە دەستی چەكدارانی داعش، زۆربەی نێرینەكان هەر لە زێدی خۆیان گوللەباران كران و ئافرەت و منداڵەكانیش بە ناوچەی قەڵەمڕەوی داعشدا بڵاو كرانەوە.
هەر دوای ئەو كارەساتە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستەیێكی بەناوی دەستەی كۆكردنەوە و لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكانی دۆسیەی شنگال دامەزراند.
دادوەر ئەیمەن مستەفا، سەرۆكی دەستەی كۆكردنەوە و لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكانی دۆسیەی شنگال لە دهۆك بە تەلەفیزیۆنی رووداوی گوت: "ئامانج لە دامەزراندنی ئەو دەستەیە ئەوە بوو ئەوەی بەسەر ئێزدییەكان هات لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک جینۆساید بناسێنرێ. بۆ ئەمە پێویستمان بە بەڵگە بوو، تاوەكوو ئێستاش 4608 بەڵگەمان كۆ كردوونەتەوە".
دەستەكە زۆرتر بەدوای ئەو بەڵگەنامانەدا گەڕاوە كە بۆ ناساندنی تاوانەكە وەكوو جینۆساید پێویستن. لەوانەش: رفاندن،گرتن، لێكدی جیاكردنەوە، بە كۆیلەكردن، دەستدرێژی و زۆرلێكردن بۆ گۆڕینی ئایین.
دادوەر ئەیمەن، خۆی گوێی لە بەسەرهاتی زۆربەی ئەو كەسانە بووە كە بۆ دەستەكەیان گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەو بەسەرهاتەی قەت لە بیری ناكات چیرۆكی كچێكی نۆ ساڵان بووە كە دوای رفاندنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، بەو تەمەنە كەمەوە دەستدرێژی كرابووە سەر.
بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی، بەهۆی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، 1293 كەس گیانیان سپارد كە زۆربەیان لە 80 گۆڕی بە كۆمەڵدان.. 2745 منداڵیش بێ باوک بوون.
6417 ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێنران: 3548 كەس لە رەگەزی مێ و 2869 كەس لە رەگەزی نێر. لەوانەش تا ئێستا 3509 كەسیان رزگار كراون کە 1192 ئافرەت و 337 پیاو، لەگەڵ 1033 منداڵی كچ و 943 منداڵی كوڕ-ن.
ئەوانەی چارەنووسیان دیار نییە 2908 كەسن. لەو ژمارەیەش 1323 كەسیان ئافرەت و 1585 كەسیان لە رەگەزی نێرن.
زۆربەی ئێزدییەكان چاوەڕێن كەیسەكەیان وەک جینۆساید بناسرێ و هەر هیچ نەبێ قەرەبوو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی كەمێک لە ئازارەكانیان كەم ببێتەوە، بەڵام دادوەر ئەیمەن مستەفا دەڵێت: "دەوڵەتێکی ڕەسمی و سەربەخۆ بەڵگەکان پێشکەش بکات و ناتوانین راستەوخۆ ئەو بەڵگانە پێشكەشی دادگای نێودەوڵەتی بكەین. ئەو كارە لە رێگەی بەغداوە دەكرێ، ئەوانیش هاوكار نین".
رۆژی 3ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان، رۆژی سێی ئابی وەكوو رۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان لەلایەن داعش ناساند و داوای لە حكوومەتی عێراقیش كرد قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە.
هەنا سالم رزگاربوویێكی دەستی داعشە، بێ ئومێدە لەوەی قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە و دەڵێت: "ئێمە بێزار بووین لە گێڕانەوەی چیرۆكەكانمان. قسە بەسە، ئیدی كاتی كردارە".
هەنا دەشڵێت: "ئەو رەوشەی بەسەر شنگالدا هاتووە بە تەنیا بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر ناكرێ، بەڵكوو پێویستی بە كۆمەكی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment