سووریا، تورکیا تۆمەتبار دەکات و کۆتایی بە ئاگربڕەکەی ئیدلیب دێنێت

بەشی سووریا- ئەو ئاگربەستەی لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەكدارەكانی پارێزگای ئیدلب راگەیەنرا سێ رۆژ زیاتر خۆی رانەگرت ‌و سوپای سووریا دەسپێكردنەوەی پرۆسە سەربازییەكانی لە باكووری رۆژئاوای وڵاتەكە لە پارێزگای ئیدلیب راگەیاندەوە.

کوردپرێس: ئەو هەنگاوە لەدوای ئەوە دێت، كە دیمەشق رەزامەندی لەسەر ئاگربەست دەربری بەو مەرجەی ڕێكەوتنی نێوان توركیا و رووسیا بۆ درووست كردنی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە ئیدلب جێبەجێ بكرێت.

لە دانووستانەكانی ئاستانە لایەنەكان ڕێككەوتبوون، كە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگری لەزیانگەیاندن بە خەڵكە سیڤیلەكە لە ناوچەی كەم كردنەوەی گرژییەكان لە ئیدلب.

پێشتر دیمەشق رایگەیاندبوو جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنەكە بەندە بەوەی تاچەند گرووپە چەكدارەكانی پارێزگاكە پابەندی ڕێكەوتنی سووریا رووسیا توركیا دەبن بۆ درووست كردنی ناوچەی دابڕاو لە ئیدلب.

سوپای سووریا لە بەیاننامەیێكدا ئەو گرووپە چەكدارانەی لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن بەوە تۆمەتبار دەكات، كە ئامادە نەبوون پابەندی ئاگربەست بن و چەندین جار هێرشیان كردووەتە سەر خەڵكە مەدەنییەكەی ناوچە ئارامەكە.

بەیاننامەكە جەخت دەكاتەوە، كە گوێپێنەدانی توركیا بەبەندەكانی ڕێكەوتنەكە پاڵی بەگرووپە چەكدارەكانەوە ناوە لەناو خاكی سووریا بیر لە فراوانخوازی بكەنەوە.

سەرچاوە ناوخۆییەكانی ئیدلب باس لەوە دەكەن كە دوای ئارامییێكی ڕێژەیی كە ماوەیێک هەرێمەكەی گرتبۆوە، جارێكی تر لە رۆژی دووشەممەوە هێرشە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردۆتەوە.

سەرچاوە: KRDnews

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75542

Your Comment

You are replying to: .
captcha