٥٠٠ هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی سووریا لە عەفرین نیشتەجێ کراون

بەشی جیهان - ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئیدیعا دەکات لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کە ناوچەی کوردنشینی عەفرین لەلایەن تورکیاوە داگیر کراوە ٥٠٠ هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی سووریای تێدا نیشتەجێ کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا باس لە هەوڵی سیستماتیکی تورکیا دەکات بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.

ئەم ڕێکخراوە کە چاودێری بارودۆخی سووریا دەکات و ناوەندەکەی لە بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کە ئەم هەرێمە کوردییە لە لایەن تورکیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، ٥٠٠ هەزار هاوڵاتی سووری لە ناوچەکانی دیکەی سووریا لەوانە دیمەشق، ڕیف، حۆمس، حەما، ئیدلب، ڕەقە، دەیرەزوور و حەسکە؛ تیایدا جێگیر کراون.

لەم ڕاپۆرتەدا ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، دەیان هەزار سەربزیو و بنەماڵەکانیان، کە لەم دواییانەدا لەو ناوچانە نیشتەجێ کرابوون، لەو ماڵانەدا دەژین کە هی کوردەکانی عەفرین بوون، بەڵام هەزاران کورد بەهۆی هێرشی تورکیاوە ئاوارە بوون و عەفرینیان بەجێهێشتووە.

ئەو کوردانەی لە عەفرین ئاوارە بوون، لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکە و لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم کارەی بە هەوڵێکی سیستماتیکی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین وەسف کردووە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە دەستبەسەرداگرتنی زەوینی کوردەکان لەلایەن سەربزیوانەوە کراوە ئەوەش بە مەبەستی دروست کردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ نیشتەجێ بوونی سەربزیوان و بنەماڵەکانیان.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا لە کۆتاییدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا بووە.

News Code 7550

Your Comment

You are replying to: .
captcha