بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محهمهد حاجی مەحمود سهرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان لهمیانى مهراسیمى سێیهمین ساڵیادى تیرۆر کردنى شەهید قاسم سولهیمانى وتارێکى پێشکهش کرد و باسى لە ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراق کرد.
سهرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتی کوردستان لهبارهى سەردار سولهیمانیهوه ڕایگهیاند: حاجی قاسمی سولەیمانی پیاوێکی هەڵکەوتوو و بەتوانا بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر لەپێناو ئەو کۆمارەشدا خەباتی کرد و شەهیدیش بوو.
بۆ یهکهمجار زانیاریی ئهوهى ئاشکرا کرد کاتێک داعش پهلامارى ههرێمى کوردستانیداو قاسم سولهیمانى هاتۆته کوردستان ئهو وتى: حاجی قاسم تەنها کەس و دەوڵەت بوو لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داعشدا، یەکەم کەس بوو لەگەڵ 48 کەسی شارەزای لە بواری چەک و تەقەمەنیدا گەیشتنە کوردستان و بەرگری کرد و دوان لەو 48 کەسەش لەناو مەخموور شەهید بوون.
ئهوهشى وت: لەدهیان شەڕى دیکهدا بەدرێژایی سێ ساڵ و نیو لەگەڵمان بەشدار بوو لەهەر ناوچەیەک پێویستی بکردایە، هاوکاری هێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستانی دەکرد.
محهمهدى حاجى مهحموود لەبارەی پێگەی ئێران لە هەرێم جهختی کردهوه، سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕۆژانەدا بوو کە خەڵکی کوردستان چوار ساڵ بوو خەبات و تێکۆشانی دەستپێکردبوو، دوا سەرکەوتنی کۆمارەکە لە ساڵى 1979، پێش ئەوە ئێمە لەژێر فشارێکی زۆری ڕێککەوتنی جەزائیر و دەیان فشاری تردابووین، لەوکاتانەدا زۆربەی کەسوکاری پێشمەرگە لە خواروی عێراق گیرابوون، زۆرێک لە پێشمەرگەی هێزەکانی کوردستان لەبەر نەبوونی دکتۆر و بە قوڵی برینداربوونیان شەهید دەبوون.
ناوبراو زیاتر لەوبارەیەوە وتی: کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتنی بەدەست هێنا، نەفەسێک بۆ خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دروستبوو کە توانرا ببێتە ڕێگەیەک و شوێنێکی گرنگ بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەدەیان پێشمەرگەوە بۆ سەدان و هەزاران پێشمەرگە و لە چەندایەتی و چۆنایەتیەوە زیاد بکات و ببێتە هۆکار بۆ سەرکەوتن و هۆکارێک بۆ کردنەوەی ڕێگەی دەرەوە کە پێشمەرگە بریندار و نەخۆشەکانمان چارەسەر وەربگرن، هەموو ئەوانە سەرکەوتن بوون بۆ ئێمە.
سهبارهت به پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا تەنها لەڕێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەنگی خەفەکراوی کورد گەیشتە وڵاتانی دونیا، هەر لەڕێگەی ئێرانیشەوە بریندارەکانیان ناردە دەرەوە بۆ چارەسەر، تائەوکاتەش زۆربەی وڵاتانی دونیا پشتیوانییان لە حکوومەتەکەی سەدام دەکرد، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە پێشوازی کردن لە کۆڕەوی سێ ملیۆنی، توانیی یارمەتیەکی زۆری خەڵکی کورستانیش بدات.
بهبڕواى سهرۆکى پارتى سۆسیال دیموکرات، پەیوەندیەکانی خەڵکی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر هاوکاری شەڕ نەبووە، بەڵکوو لەڕووی فەرهەنگی و زمان لەگەڵ ئێران نزیکین و سنوورێکی دوورودرێژ و زیاتر لە 600 کیلۆمەتریمان هەیە، کاتێک خەڵکی کوردستان گهشت بۆ وڵاتی ئێران دەکات، ناڵێت دەچم بۆ خاریج، بەڵکوو دەڵێت دەچم بۆ ئەودیو، ئەمەش گوزارشت لە پەیوەندیە دوورودرێژ و مێژویەکانمان دەکات لەگەڵ ئێران.
Your Comment