مه‌ترسیه‌كى گه‌وره ‌له‌ عێراق سه‌رهه‌ڵدەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكى مەکتەبی سیاسی یەکێتی باس لەدوبارە سەر‌هەڵدانەوەی داعش لە عێراق دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەمیدیای نزیک لە حزبەکەی ڕاگەیاند: "عێراق تاڕادەیەکی زۆر نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی سیادەیەکی سەربەخۆی خۆیی‌ و نەیتوانیوە بڕیاری سیاسی‌ و ئابووری خۆی بدات کە ئەمە هۆکاری کێشە گەورەکانی عێراقە".

ناوبراو وتیشی: "عێراق تا ئەم ساتە ئەو گۆڕەپانە بێ خاوەنەیە کە هەموو کەسێک بەشی ئەوەی بەردەکەوێت مەتبەخی خۆی تێدا دابنێت‌ و سوپی خۆی تێدا دروست بکات، واتا هەموو ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان هەیە لە عێراق دەتوانن بێنە ناو عێراقەوە".

پیرە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە عێراق، هەرێم لە هەموو ناوچەکانی تر جێگیرترە، ڕێکخراوە سیاسیە کوردیەکانی هەرێم لە هەموو ڕێکخراوە سیاسیەکانی تری عێراق سەربەخۆترن".

سەعدی پیرە لەبارەی دووبارە زیندووبوونەوەی داعش لە عێراق ڕایگەیاند: "داعش وەک ئامێرێک لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بەکاردەهێنرێت کە بەرژەوەندییان هەیە لە عێراق، بە دڵنیایەوە بوون‌ و مانەوەی داعش بەناوی شانە نووستووەکان ‌و سوودمەند بوون لە ناوچە ناکۆکەکان بەتایبەتی دوای لەیەکتر دوورکەوتنەوەی سوپای عێراق‌ و هێزی پێشمەرگە بۆشاییەک دروست بووە کە ئەوان دەتوانن سوودمەندبن لێی، بەڵام ناتوانن سەرهەڵدەنەوە و بێنەوە گۆڕەپانەکە".

ئەندامەکەی یەکێتی ئەوەشى وت: "بۆیە ئەگەر ڕێکەوتن نامەیەک لەنێوان عێراق ‌و هەرێم لەڕووی ئەمنیەوە بەباشیەوە بکریت‌ و منتمانەمان بە یەکتر هەبێت، ئەگەر ئەو هەوڵەی هەیە بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و نەمانی هێزی پێشمەرگەی حزبی، ئەوا ئێمە سوپایەکی هەرێمی کورستانمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە سنوورەکان‌ و بۆ پارێزگاری لەشەڕی داعش".

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە نابێت هێزی جیاواز و سیاسەتی جیاوازمان بەرامبەر داعش‌ و بەرامبەر ڕووداوەکانی دوروبەر هەبێت‌ و بیر لەوە بکەینەوە وەک خۆی ئەرکەکانمان ئەنجام بدەین".

News Code 7512

Your Comment

You are replying to: .
captcha