بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کە رۆژی 13ی مانگی رابردوو دەرچووە و ئاڕاستەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کراوە، رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان، دەزگای دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەگەڵ دەزگای (کەی جی لۆبی سێنتەر).
لە نووسراوەکەدا باس لەوەکراوە، گرێبەستەکە بە گوژمەی 400 هەزار دۆلار بە چوار قۆناغ خەرج دەکرێت، بەمەبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی.
پەیوەست بەم بابەتەش کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "حکوومەت بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان، گرێبەست لەگەڵ ڕێکخراوێک دەکات، کە بوونی نیە!.. حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ڕێکخراوی (کەی جی لۆبی سێنتەر) گرێبەستێکی کردووە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان؛ لەکاتێکدا ئەم ڕێکخراوە هەر بوونی نییە".
ئەوەشی خستوەتە ڕوو، "ئەم بابەتە جگە لە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن زیاتر شتێکی دیکە نیە. هەموو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتووەتە بەر، و ئیتر ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر لەهەمبەر ئەو کەیسە".
Your Comment